فەرماندەیەکی پێشمەرگە: حەشدی شەعبی و پاسداران و حزبوڵا هێنراونەتە سنووری کوردستان
قادر قادر، فەرماندەی میحوەری گوێڕی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، رایگەیاند: "لەچەند شوێنێک چەکداری پاسداری ئێران کوژراون، لەھەندێک شوێن چەکداری حزبوڵای لوبنانی بینراون، سوپای عێراق و حەشدی شەعبیش سەرمەشقی ھێزەکان بوون، ھەروەھا چاودێر و پسپۆڕی سەربازیی ئێرانی لەگەڵیاندا بوون، عەبادی ھەرچی ھێزی ھەیە کۆی کردووەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ گۆڕانی هاوکێشەی سەربازی، ھاوکێشەی سیاسیش بگۆڕێت".
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە، ئەوەشی روون کردوەوە کە ئێستا ئێران و حزبوڵا بە فعلی لەشەڕ دان، بۆیە ”چوار ھێزی گەورە ھێرشیان کردووەتە سەر ھێزی پێشمەرگە، بەڵام قارەمانەنانە لووتیان شکێنراوە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەناو ھێزەکاندا چەک و تەقەمەنیی جۆراو جۆر بەکار ھاتوون، بەشێکیان چەکی قورسن کە لەشەڕەکاندا بەکار ھاتوون. گوتیشی: "سەیرمان لێدێت چۆن ھاتنە ئەو بڕوایەی ئەو چەکانە لەدژی ھەرێمی کوردستان بەکار بھێنن، لەکاتێکدا گومان دەکرێت ئەو چەکانەیان بە سەرپەرشتیی کەسانی لێزان و شارەزا بەکار ھێنا بێت".
پێشتر ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئەوەیان ئاشکرا کرد کە هێرشەکەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بە هاوکاریی هێزێکی ناوخۆیی بووە و لە ئەنجامدا کەرکووک و خورماتوو و چەند ناوچەیەکی دیکەیان دەست بەسەردا گرتووە.
باسنیوز
