کانوونی نووسەرانی کوردستان: پێشمەرگە هەوێنی ڕاستەقینەی بە ئامانجگەیاندنی گەلە
لەو ڕاگەیەندراوەدا لە حەوت خاڵدا کۆمەڵێک داخواز و داواکارییان لە کۆمەڵانی خەڵک، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لایەنە سیاسییەکان و جەماوەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە بە شێوەی مەدەنیانە ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە داگیرکەرانی کوردستان دەرببڕن و بۆ هاودەنگی و هاوسۆزی لەگەڵ خوشک و براکانی خۆیان لە باشوور حزووری نابەرپرسانە و نایاساییی میلیشیا ئێرانی و بیانییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە خاکی باشووری کوردستاندا مەحکووم بکەن".
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "وێڕای پشتیوانیی تەواو لە گیانبازی و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، داواکارین تەنیا ئامانجیان پاراستنی نەتەوە و خاکی کوردستان بێت و خۆ لە ململانێی سیاسی ببوێرن. بەدڵنیاییەوە ئەو قارەمانەتییەی ئێوە زامنی مانەوەی گەل و نیشتمانە و خوێنی پیرۆزی شەهیدە سەربەرزەکانمان هەوێنی ڕاستەقینەی بە ئامانجگەیاندنی گەلە".
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
بەیاننامەی کانوونی نووسەرانی کوردستان (ڕۆژهەڵات)
(سەبارەت بە ڕووداوەکانی پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی باشووری کوردستان)
هاونیشتمانیانی خۆشەویست!
حیزب و ڕێکخراو و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق!
کۆڕ و کۆمەڵە مافپەروەر و مرۆڤدۆستەکانی دنیا!
وەک هەموو لایەک دەزانین ڕووداوە خێراکانی پاش ڕیفراندۆمە یاسایی و دێمۆکرتیکەکەی باشووری کوردستان، کە بەپێچەوانەی دەستووری عێراقی فیدراڵەوە، بە هێرشی کۆمەڵێک هێزی میلیشیای وڵاتانی عێراق و ئێران و هاوئاهەنگیی هەندێ کەسی دەرس لە مێژوو وەرنەگرتووی نێوخۆی کوردستان هاتە ئاراوە، کۆمەڵێک دەرەنجامی مەترسیداری لێ کەوتەوە، کە پێش هەموو لایەنێک ڕووبەڕووی گەل و نەتەوەکەمان بووەتەوە و، وێڕای دووبارەبوونەوەی تاوانە بەدناوەکانی ئەنفال و کۆمەڵکوژکرانی گەلەکەمان لە باشوور، کاریگەریی لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستانیش دانا. ئەگەر کاریگەرییە سایکۆلۆژی و مەعریفی- مێژووییەکەی ئەو ڕووداوانەش وەلا بنێین، فەرزبوونی واقعی تاڵی دووبەرەکی و شپرزەکردنی یەکڕیزیی بڕیاری سیاسی لەم کارەسات و قەیرانەدا کە بەرەوڕووی نەتەوەکەمان بووەتەوە، پرسێکی هێندە مەترسیدارە، کە خۆبواردن لێی دەمانخاتە لێواری سامناکی "مان" و " نەمان"ەوە. بۆیە وەک کانوونی نووسەرانی کوردستان (ڕۆژهەڵات) وێڕای مەحکوومکردنی ئەو گەلەکۆمە هەرێمی و هۆڤانەیە داواکارین:
۱. پێویستە لەسەر هەموو ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان و ڕووناکبیران و ئازادیخوازانی کوردستان و جیهان، کە وێڕای مەحکوومکردنی ئەو تاوانانەی دەرحەق بە هاووڵاتیانی سڤیلی کوردستان کراون، گوشار بخەنە سەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هێزی هاوپەیمانانی دژی داعش و وڵاتە زلهێزەکان، کە بە هانای گەلی زوڵملێکراو و ئاوارەکانی کوردستانەوە بچن و سنوورێک بۆ جینایەتەکانی تیرۆریزمی دەوڵەتی و بەئاشکرا لە ناوچەکەدا دابنێن، کە لە ژێر چەتری بەناو سوپای یاساییی عێراقدا و بە چەک و چۆڵی پێشکەوتووی وڵاتانی دنیا خەڵک و خەونی دێمۆکراتیکی کوردیان داوەتە بەر هێرشی بەڕبەڕئاسای خۆیان.
۲. داوا لە سەرکردایەتیی کورد و حیزب و لایەنە نیشتمانییەکانی کوردستان دەکەین بە لەبەرچاوگرتنی فاکتەرە نێوخۆیی و دەرەکییەکان و توانا نەتەوەیی و ژیئۆپۆلیتیکییەکانی کوردستان، وێڕای یەکڕیزکردنەوەی ناوەندی بڕیاردانی نیشتمانی، کەڵک لە هەموو ئامرازە دەستووری و دێمۆکراتیکەکانی هەرێم و عێراقی فیدراڵ وەربگرن لە پێناو ڕێکخستنەوەی ستاتۆی یاساییی حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستاندا.
۳. داوا لە پارلمانی باشووری کوردستان و هەموو فراکسیۆنەکانی دەکەین، بە ئینتیمایەکی نەتەوەییەوە و بە زووترین کات کۆ ببنەوە و ڕۆڵی مێژووییی خۆیان بۆ پشتیوانی لە گەلی کوردستان و مافە ڕەواکانی بگێڕن و نەخشەڕێگایەک بۆ یەکڕیزیی ناوەندی بڕیاردان لە کوردستاندا بخەنە گەڕ و یارمەتیدەری تێپەڕین لەو قەیرانە ناڕەوایە بن، کە بەسەر گەلەکەماندا سەپێنراوە.
٤. وێڕای پشتیوانیی تەواو لە گیانبازی و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، داواکارین تەنیا ئامانجیان پاراستنی نەتەوە و خاکی کوردستان بێت و خۆ لە ململانێی سیاسی ببوێرن. بەدڵنیاییەوە ئەو قارەمانەتییەی ئێوە زامنی مانەوەی گەل و نیشتمانە و خوێنی پیرۆزی شەهیدە سەربەرزەکانمان هەوێنی ڕاستەقینەی بە ئامانجگەیاندنی گەلە.
٥. داوا لە دەسەڵاتی عێراق دەکەین، بە زووترین کات میلیشیا تائیفی و تاوانبارەکانی عێراق و ئێران لەو ناوچانە بکێشێتەوە، کە لە دەستووری ئەو وڵاتەدا بە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان ناودێر کراون و، ڕێز لە ئیرادەی گەلانی ئەو ناوچانە بگرێت، کە لە ڕیفراندۆمێکی ئازادانە و لەژێر چاودێریی چاودێرانی نێودەوڵەتیدا بڕیاریان دا، لە چوارچێوەی کوردستانێکی سەربەخۆدا بژین و، بە کردەوە ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقیان جێبەجێ کرد. هەروەها سەرجەم تاوانبارانی ئەو هێرشە ناڕەوا و نایاسیاییەش بدرێنە دادگا و لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی فیدراڵەوە بە سزای یاسایی بگەیەنرێن.
٦. داوا دەکەین لە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتیەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی وڵاتانی دنیا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانیی جەنگ دژی تیرۆریزمی داعش، کە کوردستان کردەکیترین ئەندامییەتی، بەخێرایی بە هانای گەلی ستەملێکراوی کوردستانەوە بچن، کە خەریکە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی جینۆساید و پاکتاوی نەتەوەیی دەکرێتەوە.
٧. داوامان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتە، کە بە شێوەیەکی مەدەنی ناڕەزایەتیی خۆیان بەرانبەر بە داگیرکەرانی کوردستان دەرببڕن و بۆ هاودەنگی و هاوسۆزی لەگەڵ خوشک و براکانی خۆیان لە باشوور حزووری نابەرپرسانە و نایاساییی میلیشیا ئێرانی و بیانییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە خاکی باشووری کوردستاندا مەحکووم بکەن.
لە کۆتاییدا ئەوە ماوە بە گەلەکەمان بڵێین، بە پێچەوانەی ڕوانینی هەندێ شرۆڤەکاری پیشەیی، بە لای بۆچوونی ئێمەوە، ڕێگای دەرچوون لەم قەیرانە ئەوەیە کە لە دووبەرەکینانەوە و گرێ و قینی تاکلایەنە و تۆڵەسەندنەوەی بێئەنجام لە یەکتر دوور کەوینەوە و پاڵپشتیی گشتییەتی ڕەوتی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بکەین.
کانوونی نووسەرانی کوردستان (ڕۆژهەڵات)
2017/10/21
لیستی ناوەکان:
خەبات ڕەەسووڵی / نووسەر / تورکیە
ڕەسووڵ سوڵتانی / نووسەر و وەرگێڕ / کوردستان
ئیبراهیم جەهانگیری
ڕەند زارعی / وەرگێڕ / نۆروێژ
دڵشاد هەورامی
وریا ماملێ / چالاکی کولتووری و هونەری
عەتا جەماڵی / نۆروێژ
جەماڵ نەجاڕی/ شاعیر و ڕۆژنامەنووس/ فەرانسە
ساماڵ ئەحمەدی/ شاعیر / کوردستان/ هەولێر
شەریف فەلاح / نووسەر / کوردستان / هەولێر
سمکۆ عوسمانی
خاڵە قازی / بێ وڵات و ئاوارەی هەندەران
جەماڵ پوور کەریم / ڕۆژنامەنووس
شلێر دەروێشی / ڕۆژنامەنووس
ئەردەڵان عەبدوڵڵاهی
هەڵمەت مەعرووفی/ ڕۆژنامەنووس
جەمشید بەهرامی / نووسەر، دەرهێنەری سینەما و شانۆ / ئەڵمان
عەلی شاکری / فەرانسە
ئازاد مستەوفی / ڕۆژنامەنووس
ئاسۆ خەبات / نووسەر
جەلیل ئازادیخواز / ئاوارەی ئەمریکا
ئارام عوسمانی / فتۆگرافەر/ فەرەنسا
موحسین نستانی/ نۆڕوێژ
موحسین خالیدی/نووسەر و رۆژنامەنووس/ کوردستان
ژیلا کەریمی/ رۆژنامەنووس/ کوردستان
کامران ئەمین ئاوە پزیشک نووسەر و وەرگێر، دۆرتمۆند ئاڵمان
تاهیر قاسمی/ فینلاند
ئارەزوو قادری / سوید
ئارام قادری / سوید
گوڵستان عەبدولکەریم / نووسەر و ڕۆژنامەنووس / هەولێر
عیرفان ڕەهنموون / نووسەر نۆروێژ
جەلال هانیسی/ نۆروێژ
رێبوار ئاگرین
مەحەمەد ئەفەندی
باسنیوز
