حەشدی شەعبی ماڵی ئەفسەرێکی پۆلیسی کەرکووک تاڵان دەکەن

حەشدی شەعبی ماڵی ئەفسەرێکی پۆلیسی کەرکووک تاڵان دەکەن
چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی هەڵدەکوتنە سەر ماڵی ئەفسەرێکی پۆلیسی عێراقی لە کەرکووک و ئەفسەرێکیش رایدەگەیەنێت، کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش و حەشدی شەعبی هاوشێوەی یەکن.

ئەو گەنجە، کە خۆشی ئەفسەرە لە پۆلیسی عێراق و لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێ، برای ئەفسەرەکەیە و رایدەگەیەنێت، رۆژانە لانی کەم پێنج حاڵەتی رفاندنی هاووڵاتییانیان پێدەگات، کە لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە دەڕفێندرێن.

ئەو گەنجە ئاماژە بەوەش دەکات، چەکدارەکانی حەشدی شەعبی 16 هەزار دۆلار و کەلوپەلە گرانبەهاکانی ماڵەکەیان لە گەڕەکی دۆمیز لە کەرکووک، دزیوە.

هەروەک لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێ، ئەو ئەفسەرەی پۆلیسی کەرکووک پێی وایە داعش و حەشدی شەعبی هاوشێوەی یەکن و حەشدی شەعبیش رێکخراوێکی تیرۆریستییە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و هەزاران هاووڵاتیی روویان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان کرد.

رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.

حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعەمەزهەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.











باسنيوز
Top