ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان: عێراق لەناردنی هێز بۆ سنوورەکانی کوردستان بەردەوامە
لە ڕاگەیاندراوێکدا کەمێک لەمەوبەر، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد: ”نیگەرانین لەوەی کە عێراق هێزێکی حەشدی شەعبی بەرامبەر بە کوردستان کۆکردووەتەوە و لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا عێراق بەردەوام بووە لە ناردنی تانک و تۆپخانە و چەکی ئەمریکی، لەوانیش (هامڤی و زرێپۆش)“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە عێراق هیچ ئاماژەیەکی نیشان نەداوە بۆ هێورکردنەوەی ئەو دەستدرێژییە سەربازییەی لە دژی خەڵکی کوردستان کردوویەتی، ئەم جموجۆڵە سەربازییەشیان لە دوای هێرشەکانی هەفتەی ڕابردووی پردێ و کەرکووک دێت، بێ ئەوەی پێشمەرگە هیچی کردبێت.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، دەست بەجێ ئەو دوژمنکارییە ڕابگرێت و هێزەکانیشی لە هەموو ناوچەکان بکشێنێتەوە. دووپاتیشی کردووەتەوە: ”وەکوو سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان چەند جارێک دووپاتی کردووەتەوە، دەبێت عێراق پابەندی گفتوگۆی بێمەرج بێت، بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسییەکان لە ڕێگەی ئاشتییانە“.
باسنيوز
