قاسم سولەیمانی: خاک و وڵات دان بە دوژمن خراپترین جۆری خیانەتە

 قاسم سولەیمانی: خاک و وڵات دان بە دوژمن خراپترین جۆری خیانەتە
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران خەیانەت بە خاک و نیشتمان بە خراپترین جۆری خیانەت دادەنێت و خیانەتکارانیش بە لادەر ناو دەبات.

لە کاتێکدا قاسم سولەیمانی کە لە ناوچەکە و بەتایبەت لە عێراق، سووریا، یەمەن و لوبنان بە کەسێکی ئەمنی و سەربازیی مەترسیدار ناسراوە و دەزگا هەواڵگرییە ناوچەیی و جیهانییەکان بە دەیان ڕاپۆرتی مەترسیداریان لەبارەی کارەکانی بڵاو کردووتەوە، کەچی ئەو باڵەی ناو یەکێتی لەگەڵی لەدژی خاکی کوردستان لەگەڵی تەبانییان کردووە.

لە ماوەی یەک هەفتەی ڕابردوودا و پاش هێرشی چەکدارانی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان بە پاڵپشتی ئێران و فەرماندەیی قاسم سولەیمانی، گەلێک بەڵگە و دیکیۆمێنت و لێدوانی بەرپرسانی کورد، ئێران و عێراق باسیان لە دەستێدا بوونی چەند کەسێکی دەستڕۆیشتووی ناو یەکێتی لەو هێرشەدا هەبووە.

زانیارییەکان ئەوە دەردەخەن کە: "باڵێکی یەکێتی کە ڕێککەوتنی لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران کردووە، لە کاتی ھێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پاسداراندا لە 16/10/2017، فەرمانی کشانەوەی ھێزەکانی سەر بە یەکێتییان داوە و بەو ھۆیەوە پێشمەرگە ھەم زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە و ھەم کەرکووک و خورماتوو و ناوچەیەکی بەرفراوانی لەدەست داوە. بەو هۆیەشەوە کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، لە ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر لە پەیامەکەیدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی".

لە گرتەیەکی ڤیدیۆئیدا کە قاسم سولەیمانی لە تاران قسە دەکات لەبارەی یەکگرتوویی، یەکڕێزی و تەبایی نیشتمانی دەڵێت: "خاک و وڵات دان بە دوژمن خراپترین جۆری خیانەتە".

باس لەوەش دەکات "گرنگترین کار کە دەبێ بۆ جێگیرکردنی یەکڕێزی ئەنجامی بدەین، یەکگرتووییە لە بەرانبەر دوژمندا، لە کاتێکدا کە لەگەڵ دوژمن لە کاتی جەنگ دایت، ئەگەر لە هێڵی پێشەوەی بەرەنگاری دوو دەنگ بەر ببێتەوە و یەکیان هاوار بکات ئەمە دوژمن نییە و دۆستە و یەکێکی دیکەش گوتی ئەمە دوژمنە، سەرەنجامەکەی دەبێتە ئەو ڕووداوەی کەلە شەڕی "سفین"دا ڕووی دا و سەرلەبەری سوپای "ئیمام علی"ی لێک هەڵوەشاند و سەرەنجام لادەر لەناو هێزی خۆیدا سەری هەڵدا".

ئەو فەرماندە سەربازییەی ئێران لە درێژەدا دەڵێت: "ناسینی دوژمن کارێکی سیاسی نییە، بەڵکوو کردەیەکی لێکۆڵینەوە و ئەزموونییە، چونکە ئەگەر کەسێک بۆ پەیبردن بەم کارە گرنگە کار و ڕەفتار و سیاسەت و مێژووی دوژمن بخوێنێتەوە، قەت فریو ناخوات".











باسنيوز
Top