وەزارەتی پێشمەرگە: مەشقە سەربازییەکانی ھێزی پێشمەرگە لەلایەن ھاوپەیمانانەوە دەست پێ دەکاتەوە
ھەڵگورد حیکمەت، بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و ھۆشیاریی وەزارەتی پێشمەرگە، ڕایگەیاند: "بڕیاری دەست پێکردنەوەی مەشق و ڕاھێنانەکانی وڵاتانی ھاوپەیمان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دراوە، لەو چوارچێوەیەشدا ڕۆژی یەکشەممە 22/10/2017 یەکەم ڕۆژی جێبەجێکردنی مەشقە و ڕاھێنانەکانی وڵاتی ئەڵمانیا بوو، بەڵام نەکرا، لەگەڵ ئەوەش ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە بڕیارەکەیە و چۆنییەتی دەست پێکردنی ئەمڕۆ بێ یان سبەی بابەتێکی دیکەیە، ھەروەھا بڕیارە ھەفتەی داھاتوو ھاوپەیمانان خولێکی مەشق و ڕاھێنان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە بکەنەوە".
گوتەبێژەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەشی خستە روو، کە بەپێی ئەو پەیوەندییانەی لەگەڵ ھاوپەیمانان ھەیانە، تائێستا ھیچ یەکێ لەو وڵاتانە باسیان لە ڕاگرتنی ھاوکارییەکانیان بۆ ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان نەرکردووە.
دوێنێ کۆبوونەوەی فەرماندەکانی پێشمەرگەی کوردستان بەڕێوەچوو، بابەتی یەکگرتنەوەی دوو لیواکەی کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کراوە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە، گوتیشی: "یەکخستنەوەی لیواکانی کۆسرەت ڕەسوڵ، زیاتر تایبەتە بە ھێزەکانی خۆی و ھێزەکانی 70، بۆیە نازانم چ بڕیارێک لەسەر ئەو بابەتە دراوە".
ئەوەشی روون کردەوە، کە لە دوای ئەو بارودۆخەی کە بەسەر ھەرێمی کوردستاندا ھات، ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و بەتایبەت ئەو ھێزانەی تووشی پاشەکشە، یان شەڕبوونەتەوە پێویستیان بە ڕێکخستنەوە ھەیە، لە ھەفتەی ڕابردووەو دەست بەو ڕێکخستنانە کراوە، ھەندێ ڕێوشوێنیش گیراوەتەبەر و ھەندێ بیرۆکە و پلان و بیرۆکەی سەربازی خراوەتەڕوو.
باسنیوز
