پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی بە ناوی کۆنگرە سەرکردە سەربەخۆخوازەکانی یەکێتی دوور دەخەنەوە

 پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی بە ناوی کۆنگرە سەرکردە سەربەخۆخوازەکانی یەکێتی دوور دەخەنەوە
لاهور جەنگی، بەرپرسی سەربازیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە ئێستا لەگەڵ پاڤڵ تاڵەبانی و ئاراس جەنگیی برای، ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران کردووە و کەرکووکیان ڕادەست کردوون، ئەوەی ئاشکرا کرد کە کۆنگرەی حزبەکەیان ئەنجام دەدەن و سەربەخۆخوازان سزا دەدەن.



ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 22/10/2017، لە میانی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس لە شاری سلێمانی، لاهور جەنگی قسەکانی سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ڕەت کردەوە و ڕای گەیاند: “جێگەی قەبوڵکردن نییە سەعدی پیرە بە ناوی یەکێتییەوە لێدوان بدات، ئەو سەردەمە تەواو بوو”.



هاوکات ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا کۆنگرەی یەکێتی دەبەسترێت و “تەواوی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بە کۆمەڵێک گەنج‌ و خوێنی تازە” دەگۆڕن کە مەبەستی لە خۆی و ئەو چەند بەرپرسەی یەکێتی بوو کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەرکووکیان ڕادەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کرد.



لە گفتوگۆکەیدا لاهور جەنگی ئەوەی نەشاردەوە کە هەر کەسێک لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان بێت، لە یەکێتی دووری دەخەنەوە و گوتی: “جارێکیتر لەناو یەکێتیدا متمانە نادەینەوە ئەو ھەڤاڵانەی ڕیفراندۆمیان کرد”.



لەلایەن خۆیەوە لەتیف نێرەوەیی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 23/10/2017، ئەنجومەنەکەیان کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دەدات”.



باسنيوز
Top