وەفیق سامەرائی: گۆڕان و کۆمەڵ پشتیوانییان لە پاڤڵ تاڵەبانی و ئاراس و لاهور جەنگی کردووە
وەفیق سامەرایی لە وتارێکیدا کە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە، جارێکی دیکە کارەساتی ئەنفالکردنی گەلی کوردستانی ڕەت کردووەتەوە و بە تۆمەتی وەسف کردووە کە لە سەردەمی کارکردنی خۆیدا لە دەزگای هەواڵگریی عێراق ڕووی داوە.
هاوکات لەبارەی ڕووداوەکانی کەرکووکیشەوە نووسیویەتی، “مانۆڕ و بوێری و حیکمەتی تیمی تاڵەبانی (پاڤڵ تاڵەبانی، ئاراس و لاهور جەنگی) و هاوڕێکانیان، هەروەها بە دەمەوەهاتنی سەرکردە و فەرمانگەکانی پێشمەرگەی یەکێتی” ڕۆڵێکی گەورەی لە ڕادەستکردنی کەرکووک هەبووە کە سامەڕایی بە “پاراستنی دەیان هەزار ڕۆح و زیادکردنی هەستی نیشتمانی” وەسفی کردووە.
وەفیق سامەرایی کە بە دژایەتیکردنی بۆ پرسی کورد و خواستەکانی گەلی کوردستان ناسراوە، لە نووسینەکەیدا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە ئەو کارانەی پاڤڵ تاڵەبانی، ئاراس و لاهور جەنگی، “لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامییەوە پشتیوانییان لێ کراوە” کە ئەو پشتیوانییەکەی بە “ناڕاستەوخۆ” داناوە.
پێشتر زیاتر لە سەرچاوەیەک ئەوەیان ئاشکرا کرد کە کشانەوەی هێزەکانی سەر بە یەکێتی لە باشووری کەرکووک و ڕادەستکردنی (کەرکوو، خورماتوو و خانەقین) بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران، بەپێی ڕێککەوتنێکی نهێنیی نێوان هەریەک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، سوپای پاسداران و باڵێکی یەکێتی بووە کە دیارترین سەرکردەکانی ئەو باڵەی یەکێتی بریتین لە (پاڤڵ تاڵەبانی، لاهور جەنگی، ئاراس تاڵەبانی، ئاڵا تاڵەبانی، ئاسۆ مامەند). لەمبارەیەشەوە کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی یەکێتی لە پەیامێکیدا پێشتر ئەو باڵەی یەکێتی بە ”کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“ وەسف کرد.
باسنيوز
