بۆ دانانی بەرپرسێکی ئەمنیی لە کەرکووک ئێران فشار بۆ یەکێتی دروست دەکات

 بۆ دانانی بەرپرسێکی ئەمنیی لە کەرکووک ئێران فشار بۆ یەکێتی دروست دەکات
بە مەبەستی دانانی بەرپرسێکی ئەمنی لە شاری کەرکووک کە کادیرێکی کۆنی یەکێتییە و بە تیرۆرکردنی دوو کەس تۆمەتبارە، کۆماری ئیسلامیی ئێران فشارەکانی بۆ سەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چڕ کردووەتەوە.



عەلی جەوانمەردی، ڕۆژنامەنووس لە پەخشێکی ڕاستەوخۆدا لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئاشکرای کرد، ئێرانییەکان لە کەرکووک فشاریان بۆ سەر یەکێتی دروست کردووە، کەسێک بکەن بە بەرپرسی ئەمنیی کەرکووک کە کادیرێکی کۆنی یەکێتییە.



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە کاندیدەکەی ئێران، لە 21/1/1997 لە دەروازەی شاری سلێمانی، (سەید عەتا فەیزی و عەباسی بەدری) کە دوو کادیری حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوون، تیرۆر کردووە. گوتیشی: ”ئەوکاتە حاکم قادر بە سکرتێری ئەوکاتەی حزبی دیموکراتی گوتبوو کە ئەو کەسە تیرۆرەکەی کردووە، لەناو دەبەن، بەڵام دواتر دەرکەوت سەری لە ئەورووپا دەرهێناوەتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە“.



هەر لەمبارەیەوە سەرچاوەیەک لەنێو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەو کەسەی کادیرەکانی دیموکراتی تیرۆر کرد، زانراوە کە هەم کادیرێکی یەکێتی و هەمیش سیخوڕێکی سەر بە ئیدارەی ئیتڵاعاتی ئێران بووە و پێشتریش لە شەڕی ناوخۆدا هەوڵی ئاژاوە نانەوەی داوە.



ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد، دوای تیرۆرکردنی ئەو دوو کادیرە، حەسەن زادە، سکرتێری پێشووی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، نامەیەکی بۆ سەرکردەیەکی هەرە باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نووسیوە و داوای سزادانی بکوژەکەی کردووە، لە وەڵامیشدا بەرپرسەکەی یەکێتی لە نامەیەکدا پێی ڕاگەیاندووە کە ئەو تاوانبارەیان لەسێدارە داوە.



بەپێی زانیارییەکان، سەید عەتا فەیزی بە مەبەستی سەردانیکردنی ماڵی پووری چووەتە سلێمانی و دواتریش عەباسی بەدری چووە تاوەکوو بەیەکەوە بگەڕێنەوە، لە کاتی گەڕانەوەشیاندا لەلایەن ئاسایشەوە لەنێو پاس هێنراونەتە خوارەوە.

دوای دۆزینەوەی تەرمی ئەو دوو کادیرەی دیموکرات، دەرکەوتووە کە بە تەل خنکێنراون و دواتر چاوەکانیان دەرهێنراون و لەژێر پردی تانجەڕۆ لە سلێمانی فڕێ دراون.







باسنیوز
Top