دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی: ئێران لەمێژە پیلانی داگیرکردنی کەرکووکی داڕشتووە

 دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی: ئێران لەمێژە پیلانی داگیرکردنی کەرکووکی داڕشتووە
ڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، کە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و ئێران لەمێژە پیلانی داگیرکردنی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانیان داڕشتووە.



جۆن بۆڵتن، سیاسەتمەدار و باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاوپێکەوتێنێکی لە کەناڵی (فۆکس)ی ئەمریکی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ڕیاز ھیچ لە واقیعی دەسەڵاتداری لە عێراق ناگۆڕێت و ئێران ھێشتا ستراتیجی عێراق دیاری دەکات و لە ڕێگەی خاکی عێراقەوە خۆی دەگەیەنێتە سووریا و لەوێشەوە لوبنان و گروپە تووندڕەوەکانی ئەو وڵاتە، کە مەبەست لێی حزبوڵڵای لوبنانە.



جۆن بۆڵتن ڕەخنە لە وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێت، ئێران ستراتیجێکی ئامادەی ھەبوو بۆ قۆناغی دوا رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەویش فراوانکردنی ھەژموونی خۆی بەسەر وڵاتانی ناوچەکە بۆ دروستکرنی ھیلالی شیعی و دواتریش ڕێگرتن لە سەربەخۆیی کوردستان، ”لە کاتێکدا ئەمریکا بەردەوام ھاوکاریی عێراقی کردووە بۆ شەڕی دژ بە داعش، بەڵام ھیچ پلانێکی و ستراتیجێکی دیاریکراوی بۆ قۆناغی دوای داعش نییە“.



سەبارەت بە ھێرشی چەکدارانی حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسداران بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە و داگیرکردنیان، ئەو دیپلۆماتکارە ئەمریکییە ڕەخنە لە بێ ھەڵوێستیی ئیدارەی ئێستای وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێت، ”کوردەکان ھاوپەیمانی لەمێژینەی واشنتنن و بێ ھەڵوێستی ئەمریکا لەم ھێرشانەی بەغدا، کورد لە بەرامبەر ئایەتوڵڵاکانی تاران بە تەنیا بەجێ دێڵێت“.



بۆڵتن ڕەتی دەکاتەوە ھێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر کەرکووک دەرئەنجامی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بێت و دەڵێت، ”ئەمە پیلانێکی پێشوەختەیە و لە ژێرناوی دژایەتیکردنی ریفراندۆم بەڕێوە چووە“.



جۆن بۆڵتن لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەی، ئاماژەی بەوە کردووە، کە عێراق وڵاتێکی داڕماوە و زۆر ئەستەمە دووبارە وەک یەک وڵات خۆی دروست بکاتەوە، ھەر بۆیەش ”باشترین ستراتیج بۆ ئەمریکا ئەوەیە پاڵپشتیی دروستبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە کوردستان بکات“.



پێشتر ئەوە ئاشکرا کراوە، ئەو باڵەی یەکێتی کە ڕێککەوتنی لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پاسدارانی ئێران کردووە، لە (پاڤڵ تاڵەبانی، لاھور و ئاراس جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، ئاسۆ مامەند و چەند سەرکردەیەکی دیکە) پێکھاتووە و لە کاتی ھێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پاسداراندا، فەرمانی کشانەوەی ھێزەکانی سەر بە یەکێتییان داوە و بەو ھۆیەوە پێشمەرگە ھەم زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە و ھەم کەرکووک و خورماتوو و ناوچەیەکی بەرفراوانی لەدەست داوە.



بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر کەرکووک و شارەکەیان داگیر کرد و هەزاران هاووڵاتیی ئەو شارە روویان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان کرد.



رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.






باسنیوز
Top