بەهۆی ڕادەستکردنی کەرکووکەوە پێگەی پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی لەنێو یەکێتیدا لاواز بووە

 بەهۆی ڕادەستکردنی کەرکووکەوە پێگەی پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی لەنێو یەکێتیدا لاواز بووە
بەهۆی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران کردوویانە و لە ئەنجامدا کەرکووکیان ڕادەست کردووە، پێگەی پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی لەنێو یەکێتیدا لاواز بووە.



عەلی جەوانمەردی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان، لە میانی پەخشێکی ڕاستەوخۆدا لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، فشار لەسەر ئەو باڵەی یەکێتی هەیە ”کە کەرکووکیان خولقاند“.



ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە ئەنجامی ئەو کارەی کردوویانە، ”پێگەی پاڤڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگی لەنێو یەکێتی دابەزیوە و پێگەی کۆسرەت ڕەسول، مەلا بەختیار و نەجمەدین کەریم لەنێو یەکێتیدا بەهێزتر بووە“.



جەوانمەردی ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە هەیە هەیە قوباد تاڵەبانی لەو ڕێککەوتنەی پاڤڵ تاڵەبانی (برا گەورەی) ئاگادار نەبووبێت و گوتی: ”100% دڵنیام و زانیاریم پێگەیشتووە کە قوباد تاڵەبانی زۆر بەم کارە ناڕەحەت بووە و یەکێتییەکان پێیانوایە کە قوباد تاڵەبانی دەتوانێ لەمبارەیەوە کاریگەر بێت و ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لەنێو یەکێتیدا بگێڕێت و ئەو شتانە قەرەبوو بکاتەوە کە لەسەر برا گەورەکەی دەگوترێت“.



ئەو باڵەی یەکێتی کە ڕێککەوتنی لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پاسدارانی ئێران کردووە، لە (پاڤڵ تاڵەبانی، لاھور و ئاراس جەنگی، ئاڵا تاڵەبانی، ئاسۆ مامەند و چەند سەرکردەیەکی دیکە) پێکھاتووە و لە کاتی ھێرشی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و پاسداراندا لە 16/10/2017، فەرمانی کشانەوەی ھێزەکانی سەر بە یەکێتییان داوە و بەو ھۆیەوە پێشمەرگە ھەم زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە و ھەم کەرکووک و خورماتوو و ناوچەیەکی بەرفراوانی لەدەست داوە. بەو هۆیەشەوە کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، لە ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر لە پەیامەکەیدا ڕای گەیاند: ”ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو دەکەوێتە ئەستۆی کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“.






باسنیوز
Top