عەلی رەشید: نزیکەی ١٠٠ هەزار خێزانی کەرکووک هاتوونەتە هەولێر

 	 عەلی رەشید: نزیکەی ١٠٠ هەزار خێزانی کەرکووک هاتوونەتە هەولێر
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر گوتی، لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێردا شوێنیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دابین کردووە، بۆ ئەوەی کاروباری خۆیان بەرێوە ببەن. ئاماژەیشی دا، نزیکەی ١٠٠ ھەزار خێزانی کەرکووک ئاوارەی شاری ھەولێر بوونە.

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، (عەلی ڕەشید) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەردوو ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر و کەرکووک کۆ بوونەوە و تێیدا باس لە دۆخی ئێستا کرا و تێیدا داوایان کرد شوێنێکیان بۆ دابین بکرێت، تا ئەوکاتەی دۆخەکە یەکلایی دەبێتەوە. ئێمەش لە ئەنجومەنی پارێزگادا چەند ژوورێکمان بۆ دابین کردوون و فەرمانبەریشمان بۆ دابین کردوون و ھۆڵی کۆبوونەوەکانیشیان لەبەردەستە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەکانی خۆیان، لەبەر ئەوەی ١٦ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆکی ئەنجومەن لە ھەولێرن.''

(عەلی ڕەشید) گوتی: ''ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێریش کۆبوونەوە و تێیدا کاندیدی ھەردوو قایمقامی ناوەندی ھەولێر، (نەبەز عەبدولحەمید) و قایمقامی قەزای کۆیە (سەرکەوت ڕەسووڵ) دەنگیان لەسەر درا و پەسەند کران.

(رەشید) ڕوونیشی کردەوە: ''پارێزگاری ھەولێر بە ھاوکاریی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە پێشوازیی ئاوارەکاندانە و ھاوکارییان دەکەن و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکیش سەردانی کونسووڵخانەکان دەکات، بۆ ئەوەی وڵاتانی ئەوانیش ھاوکاریی ئاوارەکانی کەرکووک بکەن و شوێنیان بۆ دابین بکرێت لە ھەولێر و سلێمانی.''

(رەشید) گوتیشی: ''ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی سنووری کەرکووک ھاتوونەتە شاری ھەولێر، کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی ١٠٠ ھەزار خێزان.''
KDP-
Top