نوێنەری هەدەپە لە کوردستان: دەبێ جیهان لەسەر دەستدرێژییەکانی بەغدا بێتە دەنگ
دوابەدوای هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان و هەڕەشەکانی بەغدا بۆ سەر خەڵکی کوردستان، دواتر نیگەرانی و خۆپێشاندانی جەماوەریی لێ کەوتەوە، (عابید ئیکە)، نوێنەری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بەداخەوە ماوەی چەند ڕۆژە باشووری کوردستان، بەتایبەت هەولێر، لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە کراوەتە ئامانج، ئەم هێرشە شەرمەزار دەکەین، داخوازین جارێکی دیکە کۆمەڵکوژی نەکرێن. بەداخەوە بێدەنگیی ئەمەریکا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نیگەرانی کردووین، بەغدا و حەشدی شەعبی پێشێلی دەستووری عێراقیان کردووە و بێدەنگیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتییش جێگای نیگەرانییە.''
نوێنەری (هەدەپە) گوتی: ''کوردستان ڕۆڵی بەهێزی بینی لە ڕووبەڕووبونەوەی داعش و سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا، ناکرێت بەئاسانی بێڕێزی بە سیمبولی کوردستان بکرێت. ڕۆژانێک هەولێر ناوەندی بڕیاری لەناوبردنی داعش بوو، ناکرێت ئێستا بیانوو بۆ داگیرکردنی بهێنرێتەوە.''
(عابید ئیکە) دەڵێت: ''دەبێ هەر کوردێک لە هەر شوینێکی دنیا بێت، پشتیوانی لە هەولێر بکات و گردبوونەوە و خۆپێشاندانی جەماوەری فراوانتر بکرێت و نامەی فەرمی بدرێتە دەست نەتەوە یەکگرتووەکان.''
نوێنەری (هەدەپە) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''کوردستان دەتوانێت بەرگری بکات، هێزی پاراستنی گەلی کوردستان، پێشمەرگە و شەرڤان لە جیهاندا بە قارەمانی ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن ناسراون، بۆیە بەداخەوە دیارە کەموکورتی هەبووە لە محیوەری کەرکووک، ئەگەرنا چۆن وا حەشد لە ماوەیەکی کەمدا هاتە شارەکەوە، بۆیە ئێستا گرینگە ڕیزەکانی پێشمەرگە دووبارە ڕێک بخرێتەوە و ئامادە بێت بۆ هەر ئەگەرێکی خراپی بەغدا.''
KDP-
