"سەرۆکی رووسیا بۆ پاڵپشتیی کوردستان لەسەر هێڵە"

کونسووڵی رووسیا لە هەولێر ئاشکرای کردووە کە سەرۆکی وڵاتەکەی لەسەرهێڵە بۆ پاڵپشتیی کوردستان. گوتیشی کە رووسیا لەگەڵ داواکاری گەلی کوردستان دایە.

نوێنەری گردبوونەوەی ئەمڕۆ لە بەردەم کونسووڵخانەی رووسیا لە هەولێر دەڵێ، ئەمڕۆ کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخش گردبوونەوەیەکی مەدەنیمان لەبەردەم کونسووڵخانەی رووسیا لە هەولێر ئەنجام دا.

بەگوێرەی قسەکانی (سولەیمان شەریف) نوێنەری گەنجانی خۆبەخش بۆ گردبوونەوەکە، دوو نامە لە گردبوونەوەکەدا ئاراستەی کونسووڵگەری رووسیا کرا، یەکێکیان بەناوی رووسیاییەکانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان دوو هەزار خێزان دەبن، لە ساڵی ١٩٥٨ لە رووسیاوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، ئەوی دیکەیشیان بەناوی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو، پێیمان گوتن کە حەشدی شەعبی لە داعش خراپتر هێرش دەکاتە سەر هەرێمی کوردستان و داوای هاوکاریمان لێ کردن بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە و رۆڵی سەرۆکی رووسیا بۆ پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان.

(شەریف) گوتی، کونسووڵی رووسیا بە ئێمەی راگەیاند، دوورۆژ لەمەوبەر سەرۆکی رووسیا رایگەیاندووە کە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لەسەر هێڵە و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکات بۆ پاڵپشتیی لە گەلی کوردستان، بۆچی دەبێ کۆسۆڤۆ ببێتە دەوڵەت، بەڵام هەرێمی کوردستان و کەتەلۆنیا بۆیان نەبێ ببنە دەوڵەت، بەبێ ئەوەی شەڕبکەن هەرێمی کوردستان داوای سەربەخۆیی کردووە و بۆیە سەرۆکی رووسیا لەسەرهێڵە تا دیالۆگی نێوان هەولێر و بەغدا رێک بخات.

ئاماژەیشی دا، ئێمە کوردستان جێناهێڵین، هەر ئەمشەو هەردوونامەکەتان دەگەیەنمە نووسینگەی سەرۆکی رووسیا.
KDP-
Top