زاخۆییەکان خۆپێشاندانیان لە دژی حەشدی شەعبی کرد

 	 زاخۆییەکان خۆپێشاندانیان لە دژی حەشدی شەعبی کرد
ئەمڕۆ یەکشەممە (٢٢-١٠-٢٠١٧) لە شاری زاخۆ بە هەزاران خەڵک ڕژانە سەر شەقام لە دژی کردارەکانی حەشد و پاسدارانی ئیرانی.

(نەوزاد سیتۆ)، لە ناو خۆپێشاندانەی ئەمڕۆی شاری ''زاخۆ''دا بوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''نامانەوێت عەرەبەکان خاکی ئێمە داگیر بکەن و ئێمە دەریایەک خۆێنمان ڕشتووە و پێویستە جیهانیش بەدەنگ ئێمەوە بێت و لە دژی کردارەکانی حەشد بوەستێتەوە و دەمانەوێت دەنگی ئێمە بگاتە جیهان و ئەو ناوچانەی پێشمەرگە بە خۆینی خۆیان ئازادی کردوون، میلیشاکان دەیانەوێت خۆیانی تیدا جێگیر بکەنەوە، ئەویش بە هاوکاری ئێرانییەکان.''

لە خۆپێشاندانەکەدا سەدان ڕۆشنبیر و کەسایەتیی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئامادە بوون و داوایان کرد بە زووترین کات ئەم هێزە لە ناوچە کوردستانییەکان دەربکرێن و کۆمەلگای نێودەوڵەتی بێتە سەر خەت لە دژی ئەم کردارانەی لە دژی گەلی کورد بەکاری دەهێنن.

هەر لەم بارەوە، (بلند سەعید)، هاووڵاتییەکی دیکەی شاری زاخۆیە و لە خۆپێشاندانەکەدا ئامادەی بوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پێویستە جیهان بێتە دەنگ لەسەر کردارەکانی حەشد، چونکە وەک داعش مامەڵە لەگەڵ کوردەکاندا دەکات و ئەو ناوچانەی کە داعش دەستی بەسەردا گرتوون ماڵەکانیان تاڵان کردوون و سووکایەتی بە کورد و ئاڵای کوردستان دەکەن و ئێمەش هیچ جیاوازییەک نابینین لە نێوان ڕیکخراوێکی تیرۆریستی و حەشدی شەعبیدا.''

لە ١٦ی ئەم مانگەدا حەشدی شەعبی بە هاوکاریی پاسدارانی ئێرانی هێرشیان بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەست پێ کرد.
KDP-
Top