سەرۆكی ڕێكخراوی ئۆیل: چوونی حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک کاریگەری لەسەر هەناردەی نەوت دەبێت
قوباد حەمەئەمین، گوتی: "ئەوەی دەکرێت هێرشی حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک وای دەکات هەناردەی نەوتی کوردستان کەم بکاتەوە بە جۆرێک پێشووتر 150 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا نێردراوە بۆ دەرەوە، بەڵام ئیستا ئەو ڕێژە نامێنێت، دوای ئەوەش پشکی هەناردەی نەوتی کوردستان لە بۆڕییەکانی کەرکووک لە 70% بووە و کاتێک ئەمە ڕووی داوە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داهات و بوودجەی حکوومەت دەکات".
ئەوەشی خستە ڕوو: "لە ئەمڕۆ بەدواوە دەبێت حکوومەت ڕێگەچارەی دیکە بدۆزێتەوە و یەکێک لەوانە بەرزکردنەوەی ئاستی باج لەسەر خەڵک و بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەکانی دیکە ئەویش بەپێی دیراسە دەبێت، چونکە زیادکردنی باج لەسەر خەڵکی لەم کاتەدا ئەستەمە".
دەشڵێت: "بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە دەبێ حکوومەت لەگەڵ بەغدا قسە بکات بۆ ئەوەی بەشە بوودجەی کوردستان بۆ ساڵی 2018 بنێرێت".
باسنيوز
