وەزارەتی خوێندنی باڵا: نابێ بەھۆی ئەو ھەنگاوانەی ھاتووەتە پێش لەداواکانمان پاشەگەز بینەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 22/10/2017، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆبوونەوەی ھەفتانەی خۆی، بە سەرپەرشتی د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئەنجام دا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، رای گەیاند: "بە یەکڕیزی و یەک تیمی درێژە بەکاروانی خەبات و خزمەتکردنی خەڵک دەدەین".
ھەر لەو کۆبوونەوەیە، وەزیری خوێندنی باڵا، ئاماژەی بەدواین گۆڕانکاری و بارودۆخی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند: "دەبێ لەم قۆناخەدا ئێمە وەک بژاردەی کۆمەڵی کوردستان، زیاتر لە ھەر توێژێکی کۆمەڵ، بە یەکگرتوو و یەکڕیزی درێژە بەکاروانی خەبات و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەتایبەت مامۆستایان و قوتابیان بدەین، ببینە ھەوێنی ئاشتەوایی ناوەخۆمان".
جەختیشی لەوە کردەوە کە مافی چارەی خۆنوسین و گەیشتن بەدوا ئامانجەکان مافی ڕەوای خۆمانە و ناشبێ لەو ھەنگاوەی کە ھاتۆتە پێش پاشگەزببینەوە، یان کار لە ئیش و کارەکانمان بکات و بڕوخێین.
د. یوسف گۆران، ئەوەشی روون کردەوە کە لەم قۆناخە ھەستیار و ناسکەدا ھەموویان وەک یەک تیم لەبەر ڕۆشنایی و بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەمان لەسەر کارەکانیان بەردەوام بن، ئەوەشی بە پەیام و دیدگای ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان وەسف کرد کە ئەوانیش پێیوە پابەند دەبن.
باسنيوز
