ھێنری لیڤی: ئێران بۆ لەناوبردنی خەونی کوردەکان چاوەڕی گونجاوترین دەرفەتی دەکرد

 ھێنری لیڤی: ئێران بۆ لەناوبردنی خەونی کوردەکان چاوەڕی گونجاوترین دەرفەتی دەکرد
فەیلەسوف و نووسەرێکی ناوداری فەڕەنسی، ئاماژە بەوە دەدات کە ئێران چاوەڕێی گونجاترین دەرفەتی دەکرد، بۆ لەناوبردنی ویستی کوردەکان بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.

ھێنری لیڤی، فەیلەسوف و نووسەری ناوداری فەڕەنسی، دوێنێ شەممە 21/10/2017، لە وتارێکیدا، رای گەیاند: "ئێران چاوەڕێی گونجاترین دەرفەتی دەکرد بۆ لەناوبردنی ویستی کوردەکان، کە دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بوو، وڵاتانی ڕۆژئاواش دیارییەکی گرانبەھایان بە ئێران بەخشی، ئەویش بەداخستنی چاویان لە ئاست داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبییەوە".

لێڤی لە وتارەکەیدا، کە ڕۆژی شەممە بڵاوکراوەتەوە، ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە تاران چاوەڕێی دەرفەتی گونجاوی دەکرد بۆ بەچۆک دادانی کوردەکان کە خەونیان دروستکردنی دەوڵەتێک بوو، ئەو دەوڵەتەش دەبوو بە لەمپەرێک لەبەردەم ھیلالی شیعی ئێرانی

ھەروەھا لێڤی، ئاماژە بەوەش کردووە، بەپێی ڕاپۆرتەکان شەوی پێش کەوتنی کەرکووک ئەفسەرێکی ئێرانی بەناوی (ئیقبال پور) لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کەرکووک، ھەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر کەرکووک نەدەن بەدەستەوە ئەوە ھێرشتان دەکەینەسەر".

ئەو نووسەرە فەرەنسییە، ئاشکراشی کردووە کە چەند ڕۆژێک پێش ھێرشەکە لەلایەن یەکێک لەنزیکەکانی بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئاگادار کراوەتەوە لە جموجۆڵی سەربازی سوپای پاسدارانی ئێران لە نزیک کەرکووکە، ئەویش یەکسەر ھەواڵەکەی بە بەرپرسانی فەڕەنسا ڕاگەیاندووە.

لیڤی، لەکۆتاییدا، ئەوەشی روون کردووەتەوە، کە ئەو ھێرشەی سەر کەرکووک نھێنی نەبوو، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا دیارییەکی گرانبەھایان بە ئێران بەخشی کە ئەویش داخستنی چاوەکانیان بوو لە ئاست ئەو داگیرکارییە.










باسنيوز
Top