گوتەبێژی حکوومەت: ئێران گوشاری خستووەتە سەر بەشێک لە یەکێتی

 گوتەبێژی حکوومەت: ئێران گوشاری خستووەتە سەر بەشێک لە یەکێتی
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران گوشاری خستووەتە سەر ئەو باڵەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کە لە سەنگەرەکانی پاراستنی کەرکووک کشانەوە.

سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی (دەنگی ئەمریکا)ی راگەیاندووە، کە حکوومەت پێشوازیی لە دانوستاندنی هەولێر و بەغدا دەکات و ”وڵاتانی ئەڵمانیا، رووسیا و ئەمریکا بۆ دەست پێکردنی گفتوگۆ لەسەر خەتن“.

سەفین دزەیی هەروەها رایگەیاندووە، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی نەداوە و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، لەدەستی میللەت و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دایە.

گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بە داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کردووە و رایگەیاندووە، ئەو باڵەی یەکێتی، کە کشایەوە و شارەکەی رادەستی ئەو میلیشیایانە کرد، ”فشاریان لەسەر بووە و ھەڕەشەیان لێکراوە بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو پرۆژەیە“ی ئێران.

ئاژانسی (رۆیتەرز) بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانی، بڵاوی کردەوە، کە چەند کاتژمێرێک پێش داگیرکردنی کەرکووک، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە کەرکووک بووە و بە بەشێک لە سەرکردەکانی یەکێتی گوتووە، کە ”ئەگەر کەرکووک رادەستی حەشدی شەعبی نەکەن، ئەوا تاران، کە هاوپەیمانی ستراتیجی ئێوەیە، هەموو پاڵپشتییەکانی بۆ ئێوە، رادەگرێت“.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر کەرکووک و شارەکەیان داگیر کرد و هەزاران هاووڵاتیی ئەو شارە روویان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان کرد.

رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.









باسنيوز
Top