گوتەبێژی پارتی: پەیامی گفتوگۆی بێ مەرج بە بەغدا گەیەندراوە و چاوەڕێی وەڵامین
پاش کۆبوونەوەکە لە پرێس کۆنفرانسێکدا نوێنەری لایەنەکان باسیان لە انوەرۆکی کۆبوونەوەکە کرد و لەمبارەوە مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان: "دەبێت بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ قۆناغەکەدا بکەین، چونکە هەستیارە".
گوتەبێژەی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد: "پێشتر ئەوە ڕاگەیاندرا کە خەڵکی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دیالۆگێکی کراوەی بەرپرسانەی بێمەرج ئەنجام بدرێت، چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین تاوەکوو بزانین ئامادەن بۆ گفتوگۆ یان نا، بەڵام ئەو مەرجانەی دیارییان کردووە، لەوانەیە ئەم پرسە دوا بکەوێت."
هاوکات سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و گوتەبێژی ئەو حزبە ڕای گەیاند: "ئێمە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کۆبووینەوە، چونکە
لە دوای ڕیفراندۆم هەندێک سەرئێشە دروست بوو، کۆمەڵەک قسە و قسەڵۆکی لێ کەوتووەتەوە کە قابیلی وردبوونەوە و لێکۆلێنەوەی وردن، بەڵام پێکەوە کارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناحەزانمان لە هەوڵەکانیان بۆ نکۆڵیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان، پێویستە پێکەوە بین".
سەعدی پیرە ڕاشی گەیاند: "جەختمان لەوە کردەوە کە چۆن کورد توانی ئیدارەی گۆڕانکارییەکان بکات تاوەکوو ئێستا، ئاواش دەبێت ئیدارەی دوای هاتنی ئەو هاوپەیمانێتییە ناموقەدەسەی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بکەین کە هەموویان بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی خەڵکی کوردستان و دزینەوەی دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستانە کە بە خەبات و خوێن بەدەستیان هێنابوو".
گوتەبێژی یەکێتی لە درێژەدا ڕاشی گەیاند: "ئەو ڕێککەوتنەی کراوە بە ئەمانەتەوە دیفاعی لێ دەکەین بەپێی ئەو دۆخەی تێیدا دەژین، ئەو بابەتەی فەرمانی دەستگیرکردنی بارزانی و کۆسرەت ڕەسول وەکوو بڕیارەکانی سەردەمی بەعسە. "
لە کۆتاییدا جەختی لەوەش کردەوە: "کەسێک بیەوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان دانوستان بکات، دێت لەگەڵ ئەو دوو زاتە گفتوگۆ دەکات، بۆیە ناتوانین هیچ جۆرە گفتوگۆیەک بە مەرجەوە قەبووڵ بکەین، پێیان گوتین ئەو گفتوگۆیەی نێوان هەولێر بووەتە قوربانیی نێوان شیعەکان لەسەر هەڵبژاردن و بارودۆخی داهاتوو، ئەمجارە لەوانەیە زیاتر حکوومەت ئیدارەی گفتوگۆکان بدات."
هەر لە پرێس کۆنفرانسەکەدا هاوکات فەرهاد مەلا ساڵح، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لەمبارەوە گوتی: "لەسەر یەکڕیزیی نێو ماڵی کورد بەردەوام دەبین، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش بە گفتوگۆ بەردەوام دەبین. ئەمڕۆ هەمووان کۆدەنگ بووین کە سەرەڕای یەکڕیزیمان، جەختکردنەوە لەسەر یەک ئیدارەیی و دامەزراوە شەرعییەکان کرایەوە و پرۆسەی میللەتسازیش بەردەوام دەبێت".
گوتەبێژی یەکگرتووە ئاماژەی بەوەش کرد: "ئێمە گفتوگۆمان ڕەت نەکردووەتەوە و ڕەتیشی ناکەینەوە، دوا ڕێگا ئەوەیە بە دیاکۆگ و گفتوگۆ کێشەکانمان چارەسەر دەکەین".
باسنیوز
