وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە

 وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، بە مەبەستی وەرگرتنی ڕێنمایی پێویست، داوا لە خۆبەخشان دەکەن، سەردانی یەکەی (80)ی پێشمەرگە لە قوشتەپە بکەن.



لە ڕاگەیاندراوێکدا ، وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان هەمیشە بە جۆش و خرۆشن بۆ پاڵپشتی و یارمەتیدانی پێشمەرگە و بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان و ڕێژەی هەرەزۆری خۆبەخشەکانیش نموونەی پڕ شانازی و جێی ڕێز و پێزانینن، بەڵام ”ئاگاداری هەموو خۆبەخشەکان دەکەینەوە بۆ باشتر ڕێکخستن و ڕێگەگرتن لە دیاردەی نەرێنی و بۆ بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی گیانی خۆبەخشەکان، بە پێویستی دەزانین بە بەرنامەیەکی گونجاو ڕۆڵ و ئەرکی خۆبەخشانە ئەنجام بدەن“.



وەزارەتەکە داوای لە سەرجەم خۆبەخشان کردووە، ”خۆیان ناونووس بکەن لە بارەگای فەرماندەیی کەرکووک لە قوشتەپە کە سەر بە یەکەی 80ی هێزەکانی پێشمەرگەیە، تاوەکوو ڕێنمایی پێویست وەربگرن لەبارەی چۆنیەتیی بەشداربوونیان لە کاتی پێویست“. داواشیان کردووە: ”لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵگیرسانی شەڕ، بەهیچ شێوەیەک نەچنە شوێنی شەڕەکە و لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە تێکەڵ نەبن“.





ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە:





دەزانین کە سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی کوردستان هەمیشە بە جۆش و خرۆشن بۆ پاڵپشتی و یارمەتیدانی پێشمەرگە و بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان و ڕۆژەی هەرەزۆری خۆبەخشەکانیش نموونەی پڕ شانازی و جێی ڕێز و پێزانینن، بەڵام ئاگاداری هەموو خۆبەخشەکان دەکەینەوە بۆ باشتر ڕێکخستن و ڕێگەگرتن لە دیاردەی نەرێنی و بۆ بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی گیانی خۆبەخشەکان، بە پێویستی دەزانین بە بەرنامەیەکی گونجاو ڕۆڵ و ئەرکی خۆبەخشانە ئەنجام بدەن.

بۆ ئەم مەبەستە داوا لە گشت خۆبەخشەکان دەکەین، خۆیان ناونووس بکەن لە بارەگای فەرماندەیی کەرکووک لە قوشتەپە سەر بە یەکەی 80ی هێزەکانی پێشمەرگە و ڕێنمایی پێویست وەربگرن لەبارەی چۆنیەتی بەشداربوونیان لە کاتی پێویست.

هەروەها داوا دەکەین لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە و هەڵگیرسانی شەڕ، بەهیچ شێوەیەک نەچنە شوێنی شەڕەکە و لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە تێکەڵ نەبن.

لەگەڵ ڕێز و پێزانینمان بۆ هەڵوێستە فیداکارییەکانتان



وەزارەتی پێشمەرگە

٢٢-١٠-٢٠١٧



باسنیوز
Top