سەرکردەیەکی یەکێتی: پێش کشانەوەمان گوتیان بە بارزانیش دەڵێین بەڵام وادەرنەچوو
حامید حاجی غالی، فەرماندەی پێشمەرگە و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕاگەیاند: ”پێش ڕووداوەکانی 16/10/2017، بە تەلەفۆن پێیان گوتم کە دەستەیەکی هاوپەیمانان دێنە سەربازگەی (کەیوان) بۆ ئەوەی گفتوگۆ لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا بکرێت، منیش بە تەلەفۆن گوتم کە ئەوە زۆر باشە“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هەر ئەو کەسانەی پەیوەندییان پێیەوە کردووە، پێیان ڕاگەیاندووە کە لەبارەی دۆخەکەوە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگە گفتوگۆ دەکەن، بەڵام ئەوە نەکراوە. گوتیشی: ”من وەک سەرکردەیەکی یەکێتی تەنیا ئەوەم بە تەلەفۆن پێگوتراوە، ئیتر من چی بکەم؟".
لە وەڵامی پرسیارێک کە بۆچی ئەو ڕێککەوتنەی لە سەرکردەکانی یەکێتییەوە پێی گوتراوە، ڕاست دەرنەچووە، حامیدی حاجی غالی گوتی: ”ئەوە لەوانە بپرسە کە وایان بەمن گوت، ئەوان دەزانن".
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی كه کێ بوو پەیوەندی پێیەوە کرد و ئەو فەرمانانەی پێ دا، سەرکردەکەی یەکێتی ڕەتی کردەوە ناوەکەی ئاشکرا بکات و تەنیا گوتی: ”برادەرێک بوو لەناو خۆمان".
پێشتر زیاتر لە سەرچاوەیەک ئەوەیان ئاشکرا کرد کە کشانەوەی هێزەکانی سەر بە یەکێتی لە باشووری کەرکووک و ڕادەستکردنی (کەرکوو، خورماتوو و خانەقین) بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران، بەپێی ڕێککەوتنێکی نهێنیی نێوان هەریەک لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، سوپای پاسداران و باڵێکی یەکێتی بووە کە دیارترین سەرکردەکانی ئەو باڵەی یەکێتی بریتین لە (پاڤڵ تاڵەبانی، لاهور جەنگی، ئاراس تاڵەبانی، ئاڵا تاڵەبانی، ئاسۆ مامەند). لەمبارەیەشەوە کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەکەمی یەکێتی لە پەیامێکیدا پێشتر ئەو باڵەی یەکێتی بە ”کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“ وەسف کرد.
باسنیوز
