هۆشداری بە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدرێت

 هۆشداری بە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدرێت
سەرکردەیەکی حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) ئاماژە بەوە دەکات کە ھەبوونی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران لە کوردستان مەترسییە و ھەموو لایەک بۆ ھەر ھێرشکردکردن بۆ سەر بارەگاکانمان ئاگادار دەکەینەوە، بۆیە هۆشداریی توندی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا.

سماییل شەرەفی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی (حدک) ڕای گەیاند: "ئەوەندەی ئاگادار بین، سوپای پاسداران ھەیە، قاسم سلێمانی لە کەرکووکە و ئێمەش ئامادەی ڕووبەڕووبوونەوەی ھەر ھێرشێکین، پێشمەرگەمان لە ئامادەباشی دان، چونکە ئێران تادێت دەیەوێت نفووزی لە ناوچەکە زیاد بکات، پێش ھەموو شت بوونی حەشدی شەعبی لە کوردستان و لە کەرکووک ھەڕەشەیە لەسەر کورد، چونکە بارەگا و سەربازگەمان لە باشووری کوردستان ھەیە".

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە زانیویانە چەکدارانی حەشدی شەعبی چووبنە نزیک تەقتەق. گوتیشی: ”دەبێت بەرپرسانی ئیدارەی کوردستان وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە بۆچی ھاتوون؟ بۆیە ھەر ھێرشێک بۆ سەرمان لەم سنوورە ڕوو بدات، دامودەزگاکانی زۆنی سەوز لێی بەرپرسیارە".

ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی حدک لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوە کردووە: ”حەشدی شەعبی وەک چەکداری عێراقە، بەڵام لە دەرەوەی عێراقەوە فەرمانیان بۆ دێت، بۆیە ھەر کاتێک بیانەوێت مەترسی لەسەر کوردستان دروست دەکەن و ئەمەش وای کردووە ئێمە کەوتووینەتە ئامادەباشییەوە".

ھاوکات محـەمەدنەزیف قادری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حدکاش لە لێدوانێکدا نزیکبوونەوەی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بۆ نزیک تەقتەقی پشتڕاست کردەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە لە ترسی ھێرشی چەکدارانی حەشدی شەعبی بۆ سەر شارۆچکەی تەقتەق، وەک چەندین وێنە کەلە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە، ھاووڵاتیانی تەقتەق خەریکە شارۆچکەکە چۆڵ دەکەن، بەڵام ئاسایشی یەکێتی لە دەروازەی شار پێشیان پێ دەگرێت.

بە پشتیوانیی باڵێکی یەکێتی، هێزەکانی پاسدارانی ئێران هەوڵ دەدەن هێرش بکەنە سەر بارەگای پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە.










باسنیوز
Top