فەرماندەکانی پێشمەرگە لە نزیک پردێ تاوتوێی بارودۆخی ناوچەکە دەکەن
بەپێی زانیارییەکان، ئەمڕۆ شەممە 21/10/2017، بارودۆخی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک ئارامە و هێزە داگیرکەرەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق هیچ جموجۆڵێکیان نییە.
هەر ئەمڕۆ فەرماندەکانی پێشمەرگە لە نزیک پردێ کۆ بوونەتەوە و تاوتوێی ئامادەکارییەکانیان کردووە، بۆ ئەگەری هەر هێرشێکی داگیرکەرە عێراقییەکان.
رۆژی هەینی 20/10/2017، چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە بەکارهێنانی چەک و تانکی ئەمریکی، هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە نزیک پردێ و تووشی شکستێکی گەورە بوون و بەپێی لێدوانی فەرمیی پێشمەرگەش، زیاتر لە 150 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر کەرکووک و شارەکەیان داگیر کرد و هەزاران هاووڵاتیی ئەو شارە روویان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان کرد.
رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.
باسنيوز
