حەشدی شەعبی بەهۆی شکستەکەیەوە لە پردێ ناکۆکی تێدەکەوێت
بەپێی زانیارییەکان، فەرماندەکانی ئەو میلیشیایانە کۆ بوونەتەوە و تاوتوێی شکستی چەکدارانی میلیشیاکانیان کردووە، کە لەسەر دەستی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان تووشی بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرانی میلیشیای سەرایا سەلام، کە سەر بە رەوتی سەدرن، ناڕەزایی خۆیان لە شەڕی حەشدی شەعبی لە دژی هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕیوە، چونکە ”پێشمەرگە هاوپەیمانی شیعە بووە لە شەڕی دژی رژێمی بەعس“.
بەرپرسانی سەرایا سەلام هۆشدارییان داوەتە میلیشیاکانی دیکەی حەشدی شەعبی لەوەی پێشمەرگە چەکی زۆری هەیە و گەلی کوردستان بە ئاسانی نابەزێندرێ.
بەپێی ئەو زانیارییانەی گەیشتوونەتە (باسنیوز)، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەرپرسیارێتیی شکستە گەورەکەی پردێیان خستووەتە سەر یەکتر.
رۆژی هەینی 20/10/2017، چەکدارانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە بەکارهێنانی چەک و تانکی ئەمریکی، هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە نزیک پردێ و تووشی شکستێکی گەورە بوون و بەپێی لێدوانی فەرمیی پێشمەرگەش، زیاتر لە 150 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر کەرکووک و شارەکەیان داگیر کرد و هەزاران هاووڵاتیی ئەو شارە روویان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان کرد.
رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.
باسنيووز
