كەماڵ كەركووكی: ئەو ورەیەی حەشدی شەعبی لە سەرەتاوە هەیبوو، ئێستا ڕووخاوە

كەماڵ كەركووكی:   ئەو ورەیەی حەشدی شەعبی لە سەرەتاوە هەیبوو، ئێستا ڕووخاوە
بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕای گەیاند، پێشمەرگە زۆر ورەی بەرزە و بە ورەیەكی پۆڵایینەوە بەرگری دەكات.



كەمال كەركووكی، بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ڕای گەیاند: دوێنێ هەینی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و كەسانی دیكە كە بەرگی حەشدیان لەبەر كردبوو، بە هاوكاریی چەك و تانك و تۆپی ئەمریكا هێرشێكی بەرفراوانیان ئەنجام دا، بەڵام پێشمەرگەش زۆر مەردانە و قارەمانانە بەرگریی كرد و هێزەكەیان تێكشكاند و ڕاویان نان بەرەو دواوە".



ئەو فەرماندە سەربازییە ڕوونیشی كردەوە: "لە شەڕەكەدا دوو تانك و دە هامەری ئەمریكی تێكشكێنراون و ژمارەیەكی ئێگجار زۆریش لە چەكدارانی حەشد كوژراون و بریندار بوون، بەو هۆیەشەوە حەشدی شەعبی جێ بەخۆی ناگرێت و ورەیان ڕووخاوە، دەشڵێت پێشمەرگە شەڕی پێ خۆش نەبوو، بەڵام كاتێك یەخەی پێ دەگیرێت، بەرگری دەكات".



كەمال كەركووكی ئەوەشی خستە ڕوو: "كاتژمێر 2:35 بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە حەشدی شەعبی ویستوویانە كارێكی دیكە بكەنەوە، بەڵام ئێمە جارێكی دیكە لێمان دانەوە، ئێستا ورەی پێشمەرگەكانی كوردستان زۆر زۆر بەرزە و هیوادارین واز لە بیرۆكەی هێرشكردن بهێنن، ئەگەر بێت و بیانەوێت هێرش بكەنەوە، ئەوا وەڵامی توندیان دەدەینەوە، ئاشكراشی كرد: "حەشدی شەعبی ورەیان زۆر ڕووخاوە، ئەو ورەیەی پێشتر هەیانبوو، لە گۆڕ نرا".



ڕۆژی هەینی حەشدی شەعبی هێرشێكی بەرفراوانی بۆسەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە پردێ ئەنجام دا، بەڵام هێزی پێشمەرگە توانیان لەو شەڕەدا سەركەوتوو بن و حەشدی شەعبی تێك بشكێنن و زیاتر لە 200 کەسیان بە دەستی پێشمەرگە کوژراوە.




باسنیوز
Top