کوردانی ڕۆژهەڵات داواکارییەک ئاراستەی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکەن
لەو نامەیەدا کە لە 10 خاڵدا کۆمەڵێک ڕێکاریان بۆ چارەسەریی ڕەوشی ئێستای هەرێمی وکردستان خستووەتە ڕوو، داوای پێکهێنانی خێرانی (کۆمیتەی ڕاوێژکاری بەرگریی سەربازی) و هاوکات دەڵێن: "با بە خێرایی کار بکەن بۆ هەڵبژاردن و ئەگەر بە خێرایی نەکرا، با حکوومەتێکی کاتی ڕابگەیەنن".
لە بەشێکی دیکە لە نامەی هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتووە: "ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی چەند ئیدارەیی کوردستانین و دەبێ دەوڵەتێکی یەکگرتووی فیدراڵیی بەهێز و لەسەر هەڵبژاردنی ئازادی خەڵکی کوردستان پێش سەربەخۆییش حۆکمڕانی بکات".
دەقی نامەکە:
بەڕێزان!
- کاک مەسعود بارزانی، سکرتێری پارتی و سەرۆکی کوردستان
- کاک کۆسرەت ڕەسوڵ، سکرتێری یەکیەتی و جێگری سەرۆک هەرێم
- کاک حەمەی حاجی مەحموو، سکرتێری سوسیال دیمۆکرات
- مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری یەکگرتوو
- کاک عومەر سەید عەلی، ڕێکخەری گۆڕان
- عیرفان عەبدولعەزیز، ڕێبەری بزوتنەوەی ئیسلامی
- مامۆستا عەلی باپیر، ڕێبەری کۆمەڵ
- کاک نەجمەدین کەریم، پارێزگاری کەرکوک
- کاک بەرهەم سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیمۆکراسی و دادپەروەری
- کاک مەلا بەختیار، دژبەری خیانەتی بنەماڵە
وێڕای ڕێز و سڵاو؛
ئێمە وەکوو خوشک و براکانتان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە وردی ئاگاداری ڕەوشی نالەباری کوردستانی باشورین و ئێمە زانیاری زۆر وردمان لە سەر سیاسەتی داگیرکاران هەیە و بە پیلانەکانیان ئەزانین؛ هەر بۆیە لێرەوە داواتان لێ ئەکەین بە پەلە و بە بێ پاساو هێنانەوە ئەو خاڵانەی خوارەوە جێبەجێ بکەن:
۱- بۆ چەسپاندنی یەکڕیزی ماڵی کورد و کاردانەوەی خێرا ؛ بە بەشداری ئەندامی هەموو حیزبەکان و هەروەها پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان، "کۆمیتەی ڕاوێژکاری بەرگری سەربازی" پێکبهێنرێت.
۲- هەموو ئەو پارتانەی کە هێزی چەکداریان هەیە بە فەرمی هێزەکانیان بخەنە ئێختیاری کۆمیتەی بەرگری بۆ یەکخستنەوەیان لە ژێر چەتری "وەزارەتی بەرگری کوردستان"دا و هیچکەس بۆی نەبێ هێزی تایبەتی ببێت.
۳- ئێستا کە خەیانەتی خائینەکانی بنەماڵەیی تاڵانچی(لەگەل ڕێزمان بۆ کاک قوباد) ڕوون و ئاشکرایە و هیچ پاساوێکی دۆڕاوەکانی ئەو ڕێککەوتنە قێزەونە، ئەو زامە قوڵە ساڕێژ ناکات، با چیتر مامەڵە بە خوێنی شەهیدان و ئاڵا و خاکی کوردستان نەکەین و نەریتی خەیانەت و گەل فرۆشی و خاک فرۆشی بۆ هەمیشە ڕیشەکێش کەن.
٤- "کۆمیتەی ڕاوێژ و بەرگری سەربازی" بە فەرمی ڕاگەیەندراوێک بڵاو بکاتەوە، خەیانەتی تاڵانچیەکان بۆ گەلی کورد پشتڕاست بکاتەوە و داوا لە پێشمەرگە بە شەرەفەکانی بندەستی بافڵ (کە ئەوانیش بەر خەیانەتی باڤڵ کەوتوون) بکات کە ئەو خەیانەتکارە ج ێبهێڵن و بگەڕێنەوە ژێر چەتری وەزارەتی بەرگری کوردستان و هەر بەو پلە و پایەی پێشووی خۆیانەوە خزمەتی نیشتمان بکەن.
٥- وەزارەتی بەرگری کوردستان بە خێرایی خۆی تۆکمە بکات و ڕاگەێیندراوی فەرمی بدات بۆ وەرگرتنی پێشمەرگە/سەرباز کە دوو ساڵ وەکوو خۆبەخش خزمەتی پاراستنی نیشتمان بکەن.
٦- بە بێ چاوپۆشی ئەو خەیانەتکارانە کە غرور و شەرەفی گەلی کوردیان شکاند و کردنیانە پەنی حەشدی بێگانە، دەسبەسەر بکرێن و بدرێنە دادگای سەربەخۆی کوردستان بۆ ئەوەی کە سزای پێویست بدرێن.
۷- پاش ڕەوینەوەی ترسی شەڕ و گەڕانەوەی هێمنی و ئاسایش بۆ کوردستان، بە خێرایی کار بکەن بۆ هەڵبژاردن و ئەگەر بە خێرایی نەکرا، با حکومەتێکی کاتی ڕابگەیەنن.
۸- ئەو وەزارەتە بەرگرییە بەهێزە کە دروست ئەکرێت، بچێتەوە بە گژ داگیرکەرانی کوردستاندا تا بیانخاتەوە سەر جێگای خۆیان لە سنوورەکانی پێش ۱٥ی ئۆکتۆبری ۲۰۱۷ (پێش هێرشی حەشدی وەحشی بۆ کوردستان)، ئەگەر هاتوو بە دیپلۆماسی نەکرا.
۹- ئێمە بە هەموو شێوەیەک دژی چەند ئیدارەیی کوردستانین و دەبێ دەوڵەتێکی یەکگرتووی فیدراڵی بە هێز و لە سەر هەڵبژاردنی ئازادی خەڵکی کوردستان پێش سەربەخۆییش حۆکمڕانی بکات.
۱۰- حکومەتی فێدراڵی کوردستانی باشور دەبێ کار بکات بۆ ئابوری و سیاسەتی بەهێزی سەربەخۆ و بەرهەمهێنەر و داهاتووی خۆی گرێ نەدا بە نەوتەوە و نەبێتە بەکارهێنەری بەرهەمی تورکیا و ئێران.
هاووڵاتیانی رۆژهەڵاتی کوردستان
۲۰ ئۆکتۆبری ۲۰۱۷
ڕۆژهەڵاتی کوردستان
باسنيوز
