دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: حەشدی‌شەعبی لە کەرکووک تاوانی جەنگی ئەنجام داوە

 	 دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: حەشدی‌شەعبی لە کەرکووک تاوانی جەنگی ئەنجام داوە
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەبارەی رەوشی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و، تێدا سەرکۆنەی کردەوە و تاوانەکانی چەکدارانی حەشدی بەرانبەر بە خەڵکی کەرکووک و سنووری پارێزگاکەی بە تاوانی جەنگ لەقەڵەم دەدات.

لە بەشێکی بەیاننامەکەدا ھاتووە "بەداخەوە دوای ڕووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ی کەرکووک و دوزخورماتوو و شوێنەکانی تر و تەنانەت پیش ئەو ڕووداو و ھێرشانەش، ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانی دووزخورماتوو دەیان پێشیلکاری و تاوانیان بەرانبەر ھاووڵاتیانی ئەو ناوچانە ئەنجام داوە تەنھا بەھۆی جیاوازیی نەتەوەیی و تائیفی و مەزھەبی، ئەو تاوانانەی ھێزەکانی حەشدی شەعبی لەکاتێکدایە کە ئەو ھێزە لە لیستی شەرمنی نەتەوە یەکگرتووەکان ھەژمار کراوە و، بەشێک لەو تاوانانەش بە ھاوکاریی ھێزەکانی سوپای عێراق و تەنانەت بە بەرچاوی ھێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە ئەنجام دەدەن، بەشێک لەو تاوانانەش دەچێتە چوارچێوەی تاوانەکانی جەنگ. ئەمەش وای کردووە کە سەدان ھاووڵاتی ئاوارە و دەربەدەر بوو‌ن لە خاک و ماڵی خۆیان لە شاری کەرکووک و دوزخورماتوو و چەند ناوچەیەکی تر و، ڕوویان لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان کرد."

دەستەی مافی مرۆڤی لە بەیاننامەکەیدا کە وێنەیەکی گەیشتووتە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاماژەیسی داوە "بەداخەوە ئێمە لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، وێڕای ئەوەی ئیدانەی ئەو تاوان و پێشیلکاریانە دەکەین کە لەلایەن حشدی شەعبییەوە بەرانبەر ھاووڵاتیانی مەدەنی و بەتایبەت ژن و منداڵان دەکرێت، لەھەمان کات نیگەرانیی خۆمان دەردەبڕین بەرانبەر بێدەنگی و چاوپۆشینی حکوومەتی عێراق و لیژنەی مافی مرۆڤی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ئاست ئەو تاوانانە و بەتایبەت بێھەڵوێستی و بێدەنگیی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤی عێڕاقی توشی سەرسوڕمانی کردین، کە تا ئەمڕۆیش ھیچ بەدواداچوون و ھەوڵێستێکیان نەبووە بەرانبەر ئەو تاوانانە و، تەنانەت بە پەیامێکیش ئیدانەی ئەو ھەمو پێشیلکاری و تاوانەیان نەکردووە کە لەچەند رۆژی ڕابردوو ئەنجام دران. بۆیە پێویستە ھەرچی زووە چیتر ڕێگە بەو ھێزە نەدرێت بەردەوام بێت لەسەر ئەنجامدانی تاوانەکان و کوشتن و تاڵانکردنی ماڵ و مڵکی ھاووڵاتیان لەو ناوچانە بەتایبەت لە شاری کەرکووک و دوزخورماتوو. داوایش دەکەین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جیددی بێتە سەرخەت و وڵاتانی دۆست و جیھان بە گشتی تەنھا تەماشاکار نەبن."

دەستەی مافی مرۆڤ، هاوکات سوپاسی خەڵکی شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و گەرمیان دەکات بۆ پیشوازیکردن لە ئاوارەکان و رایدەگەیەنێ "بە پێویستی دەزانین سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی جەماوەری دڵسۆز و مرۆڤدۆستانی شارەکانی ھەولێر و سلێمانی و گەرمیان بکەین بۆ ئەو بەدەمەوەھاتن و پێشوازییەی لە خوشک و براکانی خۆیان کرد کە ئاوارەی ئەو شارانە بوون و، یان بڵێین میوانی ئەو شارانە بوون. ھەروەھا سوپاسی یەکە ئیداری و دامودەزگاکانی ئەمنی و خزمەتگوزارییش کە ھەمووان بەیەکەوە ھاوکار بوون لە دابینکردنی شوێن و پێداویستی و خۆراک و خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەکان و، بەو کارەش کەمێک لە ئازاری ئەو خەڵکەیان کەم کردەوە. مێژوویێکی پڕ شانازیتریان تۆمار کرد."
kdp-
Top