كەركووكییەکان بۆ جیهان: لە دەستی دوژمن ڕزگارمان بکەن

كەركووكییەکان بۆ جیهان: لە دەستی دوژمن ڕزگارمان بکەن
خەڵکی کەرکووک دەڵێن، حەشدی‌شەعبی ئەوەی لە دەستی هاتووە بەرانبەر بە كورد کردوویەتی. داوایش دەکەن جیهان بێدەنگی بشکێنێ و بەهانایانەوە و بچێ وەک ئەوەی ئەوان دەڵێن "لە دەستی دوژمن ڕزگارمان بکەن."


دوای هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناو شاری كەركووك، ڕەوشێكی زۆر خراپ ڕووی لە شارەكە كردووە، ئەوەش وای كردووە كە بە هەزاران خێزانی ئەو شارە ئاوارە بن، وەك کەرکووکییەکان دەڵێن، ئەو هێزە دەستی داوەتە تالانی، سووتاندنی خانووی زۆرێک لە هاووڵاتیانی کورد و بارەگای حزبەكان.

(خدر عەبدوڵڵا) خەڵكی شاری كەركووكە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "بە هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناو شاری كەركووك، ڕەوشێكی زۆر خراپ ڕووی لە شارەكە كردووە، رۆژانە ئەو هێزە چەكدارانە هەڵدەكوتنە سەر ماڵی هاووڵاتیانی كورد، تاڵان دەكەن و دەسووتێنن، هەر ئەوەش وای كرد كە ئێمە ئەو شارە بەجێ بهێڵین و روو لە سنووری هەولێر بكەین."



بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە سێ ڕۆژی رابردوودا، بە هۆی لەشکرکێشیی حەشدی‌شەعبی و سوپای عێراقەوە بۆ سنووری پارێزگای کەرکووک و داگیرکردنی، نزیکەی١٠٠هەزار هاووڵاتی کورد ئاوارە بوون و، بە گوتەی پارێزگاری هەولێر، زیاتر لە ١٨هەزار خێزان ڕوویان لە هەولێر کردووە.

(ڕزگار موحسین) هاووڵاتییەكی دیكەیە و، گوتی: "حەشدی شەعبی كە لە ڕێگەی هەندێك كەسەوە كە خیانەتیان لە خەڵكی كەركووك كرد، هاتنە ناو شارەكەوە، بەردەوام ئیهانە و سوكایەتی بە خەڵك دەكەن، بەڵام دەبێ ئەو شارە لە ئەوان چۆڵ بکرێت."

"ئێمە ئامادە نەبووین بە هیچ شێوەیەك شاری خۆمان بۆ چەكدارانی حەشدی شەعبی و هەندێك لە خیانەتكاران بەجێ بهێڵین، بەڵام ئەو حەشدە هەر رۆژە و كارێكی خراپ دەكات، لەوەتەی هاتووەتە شارەكەوە كاری خراپ دەكات، ماڵی هاووڵاتیان دەسووتێنێ و تاڵان دەكات، بارەگای حزبەكان دەسووتێنێ، بەتایبەتی بارەگاكانی پارتی، ئەوەش ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری لای خەڵكی شاری كەركووك دروست كردووە، هەر ئەوەش وای كردوووە خەڵك رۆژ بۆ رۆژ ئاوارە ببن و لەژێر ئەو زوڵم و ستەمەی ئەوان دەكەن ڕزگار بن."
ئەوە قسەی (مستەفا شەوكەت) بوو و گوتیشی، "حەشدی شەعبی پیاو و ئافرەتەكان لێك جیا دەكاتەوە، ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن، بۆ ئەوەی ئەوەی ئەوەی خۆی حەشارداوە بیدۆزنەوە."
ئەو داوایشی کرد، جیهان لەسەر ئەو ستەمەی حەشدی‌شەعبی لە کەرکووکییەکان دەیکا، بێنە دەنگ و بە هانایانەوە بچن و "لە دەستی دوژمنانمان ڕزگارمان بكەن، بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و وەكو جاران لە خۆشی و خوشگوزەرانیدا بژین و پێشمەرگەش پارێزگاریمان لێ بكات".
kdp-
Top