هاووڵاتیانی خورماتوو: ئەزموونێکی تاڵمان لەگەڵ حەشد هەیە و شارەکەیان تاڵان کردووە

هاووڵاتیانی خورماتوو: ئەزموونێکی تاڵمان لەگەڵ حەشد هەیە و شارەکەیان تاڵان کردووە
بە ھۆی ھەڵکوتانە سەر ماڵی ھاووڵاتیان و تاڵان و فەرھودکردنی سەروەت و سامانیان، کوردانی قەزای خورماتوو بە یەکجاری شارەکەیان چۆڵ کردووە و ئاوارەی شارەکانی ھەرێمی کوردستان بوونە، ھاووڵاتییەکی کوردی خورماتووش دەڵێت، ئەزموونێکی تاڵمان لەگەڵ حەشد ھەیە.

(محەمەد عەزیز)، ھاووڵاتیی کوردی قەزای خورماتوو، کە ئاوارەیە لە دەڤەری گەرمیان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە نێو قەزای خورماتوودا چەکدارانی حەشدی شەعبی ماڵ بە ماڵی ھاووڵاتیانی کورد دەپشکنن و ھەرچیی سەروەت و سامانی ھاووڵاتیانە فەرھود کراوە و دەستیان بەسەر مڵک و ماڵی کورددا گرتووە، تەنانەت ژمارەیەک خانوو و شوێنی بازرگانی تەقێندراونەتەوە، یانیش خاپوور کراون، لە ترسی کوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژی بۆ سەر نامووس و شەرەفی کورد، ئێمە شارەکەمان چۆڵ کرد، لەبەر ئەوەی خەڵکی خورماتوو ئەزموونێکی تاڵیان لەگەڵ چەکدارانی حەشدی شەعبی ھەیە لە ڕابردوودا و ئەگەر ئێمە شارەکەمان بەجێ نەھێشتبا، کارەساتی زۆر لەوەی ڕووی دا، زیاترمان بەسەر دەھات.''

(ئەرسەلان عەلی)، سەرپەرشتیاری ناوچەی پارتی لە خورماتوو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە ھۆی ھێرشی گرووپەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوەندی قەزای دووزخورماتوو، ھەموو ھاووڵاتیانی کورد بەبێ جیاوازی ئینتیمای سیاسی ئاوارەبوونە و شارەکەیان چۆڵ کردووە و بەرەو ھەرێمی کوردستان ھاتوون. بە پێی دواین زانیارییەکانی گەیشتوونەتە دەستمان، تا ئێستا نزیکەی دوو ھەزار خێزانی خورماتوو گەیشتوونەتە گەرمیان و لە قەزاکانی کفری و کەلار نیشتەجێ بوونە، بەشێکی دیکەی ئاوارەکانی خورماتوو چوونەتە شاری ھەولێر و شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، کە ژمارەی گشتییان نازاندرێت، کە تا ئێستا چەندە ئاوارە بوون.''

دوای ھێرشی چەکدارانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کورد و پێکھاتەکانی دیکەی کەرکووک و خورماتوو و دەشتی نەینەوا، دووبارە مەترسیی ئەوەیان لەسەرە جینۆساید بکرێن و لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە لایەن حەشدی شەعبیەوە تاوانی جەنگی بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی کورد ئەنجام دراوە.

(ئەرسەلان عەلی) ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئەوانەی باس لەوە دەکەن کورد لە ناو خورماتوو ماوە، ئەوە دوورە لە ڕاستییەوە و لێرە و لەوێ پیر و پەککەوتەیەک لە گەڕەکێکی کوردنشین مابێت، ئەگەرنا لەوە زیاتر تەنھا یەک کوردیش لە ناو خورماتوودا نەماوە و بە یەکجاری شارەکەیان چۆڵ کردووە، چونکە بەرەنگاری زۆڵمێکی بێوینەی چەکدارانی حەشدی شەعبی بوونەتەوە.''
kdp-
Top