داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکرێت بەهانای دانیشتووانی شاری كەركووكەوە بێن

 داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکرێت بەهانای دانیشتووانی شاری كەركووكەوە بێن
دیندار زێباری، سەرۆکی کۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕاپۆرتێکدا لەسەر ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك و هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ئەو شارە وەڵامی بەرپرسی پەیوەندییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بو كاروبارى مرۆیی لە بەغدا دەداتەوە.

لە بەشێکی ڕاپۆتەکەدا، د. دیندار زێباری، سەرۆکی کۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ڕای گەیاندووە، لە دوای ڕووداوەکانی شاری کەرکووک و پێشێلکارییەکانی میلیشای حەشدی شەعبی بەرامبەر هاووڵاتیانی کوردی پارێزگاکە کە ناچاربوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەرەو شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەجێبهێڵێت، پێمان سەیرە كە بەرپرسێكی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا باس لەوە دەكات كە بارودۆخی شارەكە ئارامە و ئەو هاووڵاتیانەی كە شارەكەشیان جێهێشتووە دەستیان بە گەڕانەوە كردووە.

زێباری ئەوەشی ڕاگەیاندووە، ئێمە دووچاری سەرسوڕمان بووین بەرامبەر بە بێدەنگی ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و بێ هەڵوێستیان بەرامبەر بە رووداوەكانی كەركووك، بۆیە بە توندی ئیدانەی ئەو لێدوانەی بەرپرسی پەیوەندییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بو كاروبارى مرۆیی لە بەغد دەكەین.

دەقی ڕاپۆرتەکە:

لە كاتێكدا لە دوای رووداوەكانی ئەم دواییەی كەركوك و هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر شاری كەركوك، ژمارەیەكی زۆر لە دانيشتواني كورد ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و روویان لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی كرد، كەچی خاتوو كاتی پۆند بەرپرسی پەیوەندییەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بو كاروبارى مرۆیی لە بەغدا رایگەیاندووە كە بارودۆخ ئارامە و ئەوهاووڵاتیان ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتبوو دەستیان بە گەڕانەوە كردووە بۆ شارەكە.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری سەرۆكی كۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: لە دوای رووداوەكانی شاری كەركوك ژمارەیەكی میلیلشیاكانی حەشدی پێشێلكاری زۆریان بەرامبەر بە هاووڵاتیانی شارەكە ئەنجامدا بۆیە زۆر لە هاووڵاتیانی كوردی پارێزگای كەركوك ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە لە ترسی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی وروویان لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر و دەوروبەری، بۆیە پێمان سەیرە كە بەرپرسێكی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا باس لەوە دەكات كە بارودۆخی شارەكە ئارامە و ئەو هاووڵاتیانەی كە شارەكەشیان جێهێشتووە دەستیان بە گەڕانەوە كردووە.

سەرۆكی كۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی بەوە كرد بە دەیان هەزار هاووڵاتی كوردی دانیشتووی كەركوك شارەكەیان جێهێشتووە و لەم بارەوە وتی: بە هۆی ئەو رووداوانەی لە شارەكە روویدا لە رۆژی سێشەممەی رێكەوتی 17/10/2017 بە دەیان هەزار هاووڵاتی روویان لە شاری هەولێر كرد و و بۆ رۆژی دواتریش هاتنی ئاوارەكان بەردەوام بوو و لایەنە پەیوەندیدارەكان و بەپێی توانای خۆیان یارمەتی ئەو ئاوارانەی داوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە هاتنی ئاوارەكانی بە بەرچاوی ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە بوو، بەڵام بە هیچ شێوەیەك یارمەتییان نەداون و بێدەنگ بوون بەرامبەر بەو كارەساتە لە كاتێكدا ئەمە ئەركی ئەم رێكخراوانەیە، بەپێچەوانەوە بەرپرسی پەیوەندییەكانی رێكخراوی UN بو كاروبارى مرويى لە بەغدا باس لەوە دەكات كە ئەو كەسانەی ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە دەستیان كردووە بە گەرانەوە بۆ نێو شاری كەركوك.

زێباری ئەوەشی راگەیاند كە ئێمە دووچاری سەرسوڕمان بووین بەرامبەر بە بێدەنگی ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و بێ هەڵوێستیان بەرامبەر بە رووداوەكانی كەركوك، بۆیە ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو لێدوانەی بەرپرسی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەغدا دەكەین و دووپاتی دەكەینەوە كە ئەوە تەواو پێچەوانەی دۆخی هاووڵاتییە كوردەكانی شاری كەركوكە كە رووبەرووی كارەسات و هەرەشەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆتەوە و نەگەیاندنی واقعی حاڵە بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و زیاتر لێدوانێكی سیاسییە لە كاتێكدا كە ئەركی ئەم رێكخراوانە ئەوەیە كە لە نزیكەوە رووداوەكان ببینن، چونكە جگە لە ئاوارەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانی شاری كەركوك چەندین پێشێلكاری مافی مرۆڤ بەرامبەریان روویداوە.

دیندار زێباری لە درێژەی قسەكانی وتی: ئێمە لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین كە بەهانای دانیشتووانی شاری كەركوكەوە بێن و سنوورێك بۆ پێشێلكارییەكان دابنێن لە هەمان كاتدا یارمەتی و هاوكاری پێویست راسستەوخۆ پێشكەش بە ئاوارەكان بكەن، چونكە پێدەشێت ئاژانسەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان نەك تەنیا ئامادە نین یارمەتی ئاوارەكان بكەن و بە هانایانەوە بچن بە پێچەوانەوە راستییەكانیش چەواشە دەكەن و لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەشارنەوە، چونكە ئەو ئاوارانە پێویستیان بە هاوكاریی خێرا كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە










باسنیوز
Top