حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە دەسپێشخەریی عەبادی بۆ گفتوگۆ دەکات

 حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە دەسپێشخەریی عەبادی بۆ گفتوگۆ دەکات
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبونی جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 19/10/2017 ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرەتا ئەنجومەنی وەزیران بەبۆنەی کۆچی دوایی مام جەلالەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە قوباد تاڵەبانی کرد، ئەویش بە ناوی خۆی و خانەوادەکەیەوە، سوپاسی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا ڕووداوەکانی کەرکووک و ڕۆژانی دواتر لە ناوچەکانی ماددەی 140 و دۆخی ئێستای کەرکووک و ئەو ناوچانە خرایە بەر باس، ئەنجومەنی وەزیران پرسە و سەرەخۆشی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدانی بەرگریکردن لە کەرکووک کرد و ھیوای زووچاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دوایین دەسپێشخەریی حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، بۆ دەسپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و لە چوارچێوەی شەراکەت و تەوافوق، ئامادەیی خۆیشی بۆ گفتوگۆ دەربڕی، ھەروەھا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بۆ دەسپێکردن و بەڕێوەچوونی ئەوگفتوگۆیە لە نێوان ھەولێر و بەغدا، ھاوکاریی ھەردوولا بکەن.

ھەروەھا ئەنجومەنی وەزیران، داوای لە دامودەزگاکانی حکوومەت و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان کرد بە ھانای خوشک و براکانیان لە خەڵکی خۆڕاگری کەرکووک و خورماتووەوە بچن، کە ڕوویان لە شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە، سوپاسی خەڵک و دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی کرد کە بە ‌ھانایەوە چوون.

لە کۆبوونەوەکەدا چۆنیەتی گرتنەبەری ڕێکارەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشھاتەکان و قۆناغی داھاتوو تاوتوێ کرا، ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە دەبێ بۆ داھاتوو بڕوانین و وێڕای ئەوەی ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان بە دۆخێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت، بەڵام بە یەکڕیزی و کاری پێکەوەیی، وەک چۆن گەلی کوردستان قۆناغە سەختەکانی پێشووی تێپەڕاندووە، ئەم قۆناغەش تێدەپەڕێنێت، جەختی لەوەش کردەوە کە وەک چۆن مێژوو سەلماندوویەتی، ئیرادەی گەلی کوردستان بە چەک و ڕێکاری سەربازی ناشکێت و کێشەکانی عیراق بەو شێوازە چارەسەر نابن.

لە کۆتاییدا ئەنجومەنی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ کۆچی دوایی پەرلەمانتار خوالێخۆشبوو شوان قەڵادزەیی کە لە ڕووداوێکی ھاتوچۆدا گیانی لە دەست دا، پرسە و سەرەخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان کرد و خانەوادەی بەڕێزیان کرد.










باسنيوز
Top