پەرلەمانتارێك: دەبێ بە یەكڕیزی ئەو پلانەی لەدژی كوردستان دانراوە شكستی پێ بهێنین
ئەشواق جاف، پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستمان بە یەكڕیزیی زیاتر هەیە، بۆیە ئەبێ بە یەكڕیزیی نێوانمان ئەو پلانەی نەیارانی كورد لەدژی كوردستان دایان ناوە شكستی پێ بهێنین، بائاراستەی گوتەكانیشمان بەو جۆرە بێت كە یەكڕیزی دروست بكەین".
ئەو پەرلەمانتارە باس لەوەش دەكات، پێویستە ئێستا واز لە تۆمەتباركردنی یەكتر بهێندێت، چونكە خزمەت بەم بارودۆخەی ئێستا هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكان و كەركووك ناكات، بەهۆی ئەو دۆخەی دروست بووە، ڕێژەیەكی زۆر لە هاووڵاتیان ئاوارە بوون، پێویستە بە هانای ئەوانەوە بچین و لەو دۆخەی ئێستا تێیدان ڕزگار بكرێن.
پێشتر ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لەسەر پشكی یەكێتی ڕایگەیاند: "یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕزگار عەلی وەك پارێزگاری نوێ كاندید كردووە بۆ پۆستی پارێزگار"، ئەشواق جاف، دەڵێ: "پەرلەمانی عێراق پشتی بە یاسای 36 بۆ ساڵی 2008 مادەی 21 پێنجەم بەستووە بۆ بڕیاری لابردنی نەجمەدین كەریم لە پۆستی پارێزگاری كەركووك، بەڵام كەركووك ئەو یاساییە نایگرێتەوە و خۆی خاوەنی بڕیاری خۆیەتی.
باسنیوز
