باڵێکی یەکێتی بانگەشەی دانانی پارێزگارێکی نوێ دەکات

  باڵێکی یەکێتی بانگەشەی دانانی پارێزگارێکی نوێ دەکات
ئەندامێکی فراکسیۆنی کۆمەڵای ئیسلامیی کوردستان ڕای گەیاند، تەنیا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەتوانێت نەجمەدین کەریم لە پۆستەکەی لابدات و کەسێکی دیکەی لە شوێندا دابنێت. لە کاتێکدا باڵێکی یەکێتی بانگەشەی دانانی پارێزگارێکی نوێ دەکات.



پاش ئەوەی چەند بەرپرسێکی یەکێتی کە کۆسرەت ڕەسول، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی بە ”کاڵفامەکانی نێو یەکێتی“ ناوی بردوون، لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران ڕێککەوتنێکیان کرد و کەرکووکیان ڕادەستی ئەو میلیشیایانە کرد کە فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگەی کوردستان ڕێککەوتنەکەی بە ”خیانەتێکی مێژوویی“ وەسف کردووە. لەلایەن بەغداوە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ جێگرەکەی نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک دانرا، دواتریش بەرپرسانی ئەو باڵەی یەکێتی بانگەشەی ئەوەیان کرد کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کەسێکی نوێ بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک لە سەر پشکی یەکێتی دادەنێن.



لە بەرامبەردا سەلیم شووشکەیی، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاند: بۆ لادانی نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی، پەرلەمانی عێراق بریاری داوە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی کۆمار کراوە و لەوێش فوئاد مەعسووم واژۆی کردووە، بەڵام لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دواجار دەبێت ھەنگاو بنرێت، ئەگەر ئەمە بۆ پارێزگاکانی عێراق وابێت، بۆ شاری کەرکووک جیاوازە، چونکە کەرکووک خاوەنی بڕیاری خۆیەتی“.



جەختیشی لەوە کردەوە کە بۆ دەست لادانی نەجمەدین کەریم دەبێت ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیار بدات نەک دەسەڵاتێکی دەرەوەی ئەنجومەنەکە.



ئەوەشی خستە ڕوو، بڕیاری لابردنی پارێزگار لەلایەن خودی نەجمەدین کەریم تانەی لێدراوە و تائیستاش دادگا بڕیاری لێنەداوە، سەرسوڕمانی خۆشی لەوە دەربڕی کە ئاخۆ چۆن پێش بڕیاری کۆتایی دادگا، پارێزگارێکی دیکە بۆ کەرکووک دادەنرێت؟.



باسنيوز
Top