قاسم شەشۆ: زیاتر لە هەزار گەنجی شنگال دژی حەشدی شەعبی دەستیان داوەتە چەک
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19/10/2017، قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەیی شنگالی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕاگەیاند: ”چەکدارانی حەشدی شەعبی لە شنگال و سنونێ ڕۆشتوون و نەماون، تەنیا ژمارەیەکی کەمی چەکداری ئێزدی لەناو شنگالدا ماون“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئەوان لە ئامادەباشی دان بچنە ناو شنگال و چاوەڕوانی فەرمان دەکەن. گوتیشی: ”چاوەڕێ ناکەین حەشدی شەعبی لە شنگال هیچ جموجۆڵێکی سەربازی بکات“. باسیشی لەوە کرد کە زیاتر لە هەزار گەنجی شنگال دەستیان داوەتە چەک و بە تەواوی بۆ چوونە ناو شنگال و ڕاپەڕین لە دژی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئامادەن.
قاسم شەشۆ جەختی لەوە کردەوە کە خەڵکی شنگال لە ئایندەیەکی نزیکدا ئاڵای کوردستان لەسەر هەموو دامودەزگاکانی شارەکە بەرز دەکەنەوە، چونکە ”شنگال کوردستانییە و لە کوردستان دوور ناخرێتەوە“.
باسنيوز
