کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا بە ھۆی حەشدی شەعبییەوە مەترسیی جینۆسایدکردنیان ھەیە

 	 کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا بە ھۆی حەشدی شەعبییەوە مەترسیی جینۆسایدکردنیان ھەیە
کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا دووبارە مەترسی ئاوارەبوون و جینۆسایدکردنیان لێ دەکرێت بە ھۆی ھاتنی ھێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ سنوورەکە، نوێنەرێکی کریستیانەکانیش ڕوونی کردەوە، حەشدی شەعبی لە بەرتلە بەزۆر قوتابخانەی شیعەیان بۆ کریستیانەکان کردووەتەوە.

(وەحیدە یاقوو)، نوێنەری کریستانەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھاتنی ھێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکانی دەشتی نەینەوا دووبارە مەترسییەکی گەورەی لەسەر پێکھاتەکانی ناوچەکە دروست کردووە و ھاووڵاتییانی دەشتی نەینەوا بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە زۆر نیگەران و ناڕازین، لە ھاتنی گرووپەکانی حەشدی شەعبی بۆ سنوورەکە و ترسیان ھەیە لەوەی شاڵاوێکی دیکەی جینۆساید و کۆمەڵکوژی دژی ھاووڵاتییانی سڤیل ئەنجام بدرێت، چونکە لە پێشوودا چەندین تاوانی نامرۆڤانە بەرامبەر بە پێکھاتەکانی دەشتی نەینەوا لەسەر دەشتی چەکدارانی حەشدی شەعبی کراون و ڕووبەڕووی زۆڵم و زۆری بوونەتەوە.''

پێشتر (لارا زارا)، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقۆش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندبوو: ''لە ترسی دەستدرێژییەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر پێکھاتەکانی سنووری دەشتی نەینەوا دوو ھەزار خێزانی کریستیانی ئاوارە، ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و مەترسیی ئەوەیان ھەیە، جینۆساید بکرێن لە لایەن گرووپەکانی حەشدی شەعبی.''

(وەحیدە یاقوو) دەڵێت: ''پێش ھاتنی ئەو ھێزانەی ئێستا، حەشدی شەعبی پێشتر بەزۆر بارەگاکانی لە ناحیەی بەرتللە و قەزای حەمدانیە جێگیر کردووە و تەنانەت لەنێو سەنتەری ناحیەی بەرتللە قوتابخانەیەکی شیعەیان دامەزراندووە بە ناوی ئیمام (خومەینی)، ئەوەش زیاتر کریستانەکانی دڵگران کردووە، چەندین جار کریستیانەکان دەنگی خۆیان بەرز کردووەتەوە بۆ حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا ئەو ھێزانەی حەشد دەربکرێن لە ناوچەکانیان، بەداخەوە دیسان گەلی ئێمە لە دەشتی نەینەوا بە ھۆی حەشدی شەعبیەوە کەوتوونەتە ژێر مەترسیی گەورەوە.''
kdp-
Top