ئەنجامى وەرگرتنى ڕاستەوخۆ لە زانکۆکان ڕاگەیەندرا
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرەنجامى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) ڕادەگەیەنێت، کە لە کۆى (٢٦٧٧٠) قوتابی و خوێندکار، کە داواکارییان پێشکەش کردووە (١٨٤٢٧) خوێندکار وەرگیراون.
(عەباس ئەکرەم)، وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: ''بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠١٧-٢٠١٨) وەزارەتەکەمان پلان و بەرنامەى تازەى بە ئاراستەى بەرەوپێشبردنى ڕەوتى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و، بەرزکردنەوە ئاستى زانستیى خوێندکاران و، کواڵێتیى خوێندن داڕشت، بۆ ئەوەش دواى ئەوەى ساڵى ڕابردوو بە سەرکەوتویى توانرا سیستمى وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى لە زیاتر لە (١٠٠) بەشى زانستى جێبەجێ بکرێت، وەزارەتەکەمان بڕیارى فراوانکردنى ئەو سیستمەى دا و، بۆ ئەمساڵی خوێندن (٣٧٧) بەش بە سیستمى وەرگرتنى ڕاستەخۆى زانکۆیی، دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگرت.
(عەباس ئەکرەم) گوتیشى: ''لە وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى ڕێژەى (٣٠%)ى کۆنمرە بۆ تاقیکردنەوەى بەش، یان کۆلێژە بوو، هەروەک ڕێژەى (٧٠%)ى کۆنمرەى پۆلى دوانزەى ئامادەیى هەژمار کراوە و، کەمترین کۆنمرەى پێشبڕکێ بۆ کۆلێژ (٦٥%) و، بۆ پەیمانگە (٦٠%) بوە.''
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: ''بۆ وەرگرتنى ڕاستەوخۆى زانکۆیى (٢٦٧٧٠) خوێندکار داواکارییان پێشکەش کرد، لە ئەنجامدا (١٨٤٢٧) خوێندکار بەم شێوەیە وەرگیران:
( ١٠٠٥٣) خوێندکار یەک هەڵبژاردنیان هەبووە و وەرگرتنەکەیان کۆتاییە و چەسپێنراوە.
(8374) قوتابی و خوێندکار زیاتر لە هەڵبژاردنێکیان هەبووە، پێویستە لە ماوەى ٥ ڕۆژدا سەردانى شوێنى وەرگرتنیان بکەن و داواکارییەکانیان بۆ یەک شوێن بچەسپێنن، بەپێچەوانەوە، ئەگەر لەو ماوەیەدا سەردانى شوێنى وەرگرتن نەکەن کاندیدکراوى یەدەگ شوێنیان دەگرێتەوە.''
وتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاشیگەیاند: ''ئەو خوێندکارانەى بە شێوازى سیستمى ڕاستەوخۆى زانکۆیى ناویان لە کۆلێژ و پەیمانگەکان دەرچووە، مافیان لە وەرگرتنى (زانکۆلاین) نامێنێت و، لە ئێستاوە خوێندکاران دەتوانن لە ڕێگەى وێب سایتى زانکۆلاین (https://regayzanko.com) ئەنجامەکانیان وەربگرنەوە، هیوایشى خواست ئەو بابەتە بێتە جێگەى ڕەزامەندیى خوێندکاران، چونکە لەم وەرگرتنەدا بە ڕێژەیەکى زۆر ئارەزووى خوێندکاران لە وەرگرتنیان ڕەچاو کراوە.''
kdp-
