ھۆدا زەنگەنە: ژمارەیەک خێزانی کورد لە کەرکووک چارەنووسیان دیار نییە
(ھۆدا زەنگەنە)، چالاکێکی مافی ئافرەتان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لە ھەموو ڕووداوەکاندا زیاترین قوربانیی ژن و منداڵن، بۆیە ئەوەی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان ڕووی داوە، بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە بەردەوام ئاماژە بە پێشێلکاری و تاوانەکانی حەشدی شەعبی کراوە، گرووپەکانی حەشدی شەعبی چەندین تاوانیان لەبەرامبەر ئافرەتان و منداڵان کردووە، بەتایبەتی لەو سنوورانەی سوننە مەزھەبن و لە لایەن حەشدی شەعبیەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، حەشدی شەعبی ھێزی مەزھەبییە و پێشێلکارییەکانیشی لەسەر بنەمای مەزھەبییە، بە پێی بەڵگە و دیکۆمێنتەکانی بڵاو کراونەتەوە، ئەوانەی لە بواری مافی مرۆڤدا کار دەکەن، چەندین بەڵگەیان خستووەتە ڕوو، کە چەکدارانی حەشدی شەعبی تاوانی گەورە و مەترسیداریان بەرامبەر بە ھاووڵاتییانی کورد بەگشتی و ئافرەتان و منداڵان بەتایبەتی لە سنووری کەرکووک ئەنجام داوە.''
(ھۆدا زەنگەنە) دەشڵێت: ''بە پێی زانیارییەکانی لە کەرکووکەوە دەگەن، لەو ناوچانەی زۆرینەیان کورد نییە دەست بەسەر ژمارەیەک خێزانی کورددا گیراوە و وەک بارمتە لە لایەن حەشدی شەعبیەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام ھێشتا ئامار و داتای دروست و ورد لە بەردەستدا نین و نازانرێت ژمارەی بێسەرۆشوێنەکان چەندە، بەڵام بێگومان دەستبەسەرداگرتنی خێزانە کوردەکان تاوانی دژی مرۆڤایەتییە لەو ناوچانەی بندەستی حەشدی شەعبیدا.''
kdp-
