حەشدی شەعبی سەرجەم بارەگاکانی پارتیی لە دوبزیش تاڵان کردووە و سوتاندوونی

 	 حەشدی شەعبی سەرجەم بارەگاکانی پارتیی لە دوبزیش تاڵان کردووە و سوتاندوونی
بەڕێوبەری ئاسایشی دوبز دەڵێت، دوای ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچەکە سەرجەم بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی تاڵان کردووە و سووتاندوویەتی.

رائید (عەلی محەمەد)، بەڕێوەبەری ئاسایشی دوبزی سەر بە پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ھاتنی حەشدی شەعبی بۆ کەرکووک و دەوروبەری لە سنووری قەزای دوبزیش ھاوشێوەی پارێزگای کەرکووک حەشدی شەعبی چوونەتە سەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و تاڵانیان کردوون و دواتریش تەقاندوویاننەتەوە، یان سوتاندوویانن.''

رائید (عەلی محەمەد) گوتیشی: ''ھەرچیی بارەگای پارتی ھەیە لەو سنوورە تاڵانیان کردووە و سوتاندوویانە و بارەگای ئێمەشیان وەکو ئاسایش تاڵان کردووە و سووتاندوویانە.''

ئەمەش لەکاتێکدایە، بە ھۆی ھاتنی حەشدی شەعبییەوە خەڵکی کەرکووک تووشی ترسێکی زۆر بوونە و حەشدی شەعبی ماڵەکانیان تاڵان دەکات و بەشێکی زۆر لە ترسی حەشدی شەعبی لە شارەکە ڕایان کردووە و ئاوارە بوونە.

kdp-
Top