دیندار زێباری: داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین، كە بە هانای دانیشتووانی شاری كەركووكەوە بێن

دیندار زێباری: داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین، كە بە هانای دانیشتووانی شاری كەركووكەوە بێن
- لە كاتێكدا لە دوای ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك و هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بۆ سەر شاری كەركووك، ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی كورد ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێشتووە و ڕوویان لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی كردووە، كەچی (خاتوو كاتی پۆند)، بەرپرسی پێوەندییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بو كاروبارى مرۆیی لە بەغدا ڕایگەیاندووە، بارودۆخ ئارامە و ئەو هاووڵاتییانەی ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێشتبوو، دەستیان بە گەڕانەوە كردووە بۆ شارەكە.

لەم بارەوە، (د. دیندار زێباری)، سەرۆكی كۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ڕایگەیاند: ''لە دوای ڕووداوەكانی شاری كەركووك ژمارەیەك لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی پێشێلكاریی زۆریان بەرامبەر بە هاووڵاتییانی شارەكە ئەنجام دا، بۆیە زۆر لە هاووڵاتییانی كوردی پارێزگای كەركووك ناچار بوون ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێشتووە لە ترسی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و ڕوویان لە شارەكانی سلێمانی و هەولێر و دەوروبەری، بۆیە پێمان سەیرە، كە بەرپرسێكی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەیاننامەیەكدا باس لەوە دەكات، بارودۆخی شارەكە ئارامە و ئەو هاووڵاتییانەی كە شارەكەشیان جێ هێشتووە، دەستیان بە گەڕانەوە كردووە.''

سەرۆكی كۆمیتەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئاماژەی بەوە كرد، بە دەیان هەزار هاووڵاتیی كوردی دانیشتووی كەركووك شارەكەیان جێ هێشتووە و لەم بارەوە گوتی: ''بە هۆی ئەو ڕووداوانەی لە شارەكەدا ڕووی دا، لە ڕۆژی سێشەممەی ڕێكەوتی 17/10/2017 بە دەیان هەزار هاووڵاتی ڕوویان لە شاری هەولێر كرد و و بۆ ڕۆژی دواتریش هاتنی ئاوارەكان بەردەوام بوو و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە پێی توانای خۆیان یارمەتیی ئەو ئاوارانەیان داوە، ئەمە لە كاتێكدایە، كە هاتنی ئاوارەكان بە بەرچاوی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوەکانەوە بوو، بەڵام بە هیچ شێوەیەك یارمەتییان نەداون و بێدەنگ بوون بەرامبەر بەو كارەساتە، لە كاتێكدا ئەمە ئەركی ئەم ڕێكخراوانەیە، بەپێچەوانەوە بەرپرسی پێوەندییەكانی ڕێكخراویUN بو كاروبارى مرۆیى لە بەغدا باس لەوە دەكات، كە ئەو كەسانەی ماڵوحاڵی خۆیان جێ هێشتووە، دەستیان كردووە بە گەڕانەوە بۆ نێو شاری كەركووك.''

(زێباری) ئەوەیشی ڕاگەیاند: ''ئێمە دووچاری سەرسووڕمان بووین بەرامبەر بە بێدەنگیی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و بێهەڵوێستیان بەرامبەر بە ڕووداوەكانی كەركووك، بۆیە ئێمە بەتوندی ئیدانەی ئەو لێدوانەی بەرپرسی نەتەوە یەكگرتووەكان لە بەغدا دەكەین و دووپاتی دەكەینەوە، كە ئەوە تەواو پێچەوانەی دۆخی هاووڵاتییە كوردەكانی شاری كەركووكە، كە ڕووبەڕووی كارەسات و هەڕەشەكانی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بوونەتەوە و نەگەیاندنی واقعی حاڵە بە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و زیاتر لێدوانێكی سیاسییە، لە كاتێكدا كە ئەركی ئەم ڕێكخراوانە ئەوەیە، لە نزیكەوە ڕووداوەكان ببینن، چونكە جگە لە ئاوارەبوونی ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتووانی شاری كەركووك، چەندین پێشێلكاریی مافی مرۆڤ بەرامبەریان ڕووی داوە.''

(دیندار زێباری) لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: ''ئێمە داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین، كە بە هانای دانیشتووانی شاری كەركووكەوە بێن و سنوورێك بۆ پێشێلكارییەكان دابنێن. لە هەمان كاتدا یارمەتی و هاوكاریی پێویست ڕاسستەوخۆ پێشكەش بە ئاوارەكان بكەن، چونكە پێ دەچێت ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان نەك تەنیا ئامادە نین، یارمەتیی ئاوارەكان بكەن و بە هانایانەوە بچن، بەپێچەوانەوە ڕاستییەكانیش چەواشە دەكەن و لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی دەشارنەوە، چونكە ئەو ئاوارانە پێویستیان بە هاوكاریی خێرای كۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.
kdp-
Top