زیاتر لە سێ ھەزار خێزانی کەرکووک گەیشتوونەتە هەولێر

 	 زیاتر لە سێ ھەزار خێزانی کەرکووک گەیشتوونەتە هەولێر
دوای تێکچوونی ڕەوشی کەرکووک و پەلاماردانی ھاووڵاتییانی کورد لە لایەن چەکدارانی حەشدی شەعبیەوە، بە ھەزارن ئاوارەی شاری کەرکووک گەیشتوونەتە شاری ھەولێر و سەرۆکی حکوومەت و ئیدارەی پارێزگای ھەولێریش بڕیاریان دا، ژمارەیەک شاری نیشتەجێبوون تایبەت بکرێن بۆ ئاوارەکانی کەرکووک.

(کەنعان خەیلانی)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ئاڵۆزییەکانی شاری کەرکووک، ئیمە ھەماھەنگیمان کرد لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای ھەولێر بۆ پێشوازیکردن لە خۆشک و برا ئاوارەکانی شاری کەرکووک و لەگەڵ پارێزگاری ھەولێر لە بەیانییەوە دەست کراوە بە ئامادەکردنی ڕێوشوێنی پێویست بۆ پێشوازیی ئاوارەکانی شاری کەرکووک و تا ئێستا زیاتر لە سێ ھەزار خێزان لە کەرکووکەوە گەیشتوونەتە شاری ھەولێر. سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش پەیوەندیی بە پارێزگاری ھەولێرەوە کردووە، تا ھەرچیی پێویستە بۆ ئاوارەکانی کەرکووک بکرێت، چونکە ئەوانە لەسەر کوردایەتی ئاوارە و دەربەدەربوونە.''

پێشتر بەرپرسانی شاری کەرکووک ئەوەیان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندبوو: ''حەشدی شەعبی دەستی بە تاڵانکردن و سووتاندنی مڵک و ماڵی کوردانی شاری کەرکووک کردووە و شەوانە بە پیلانڕێژییەکی پێشتر بەرنامەبۆدارێژراو ھەڵدەکوتنە سەر ھاووڵاتییانی کورد. (کەنعان خەیلانی) ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ''پارێزگاری ھەولێر ئامادەکاریی تەواوی کردووە بۆ بەھانەوەچوونی ئاوارەکان و چەندین شار و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، کە پێشتر تەواو بوونە و کەسی تێدا نیشتەجێ نەبووە و تەرخان کراون بۆ حەواندنەوەی ئاوارەکان. ھەر ئەمڕۆ ھەردوو شاری نیشتەجێبوونی ئاشتی و دەشتی بەھەشت ژمارەیەک ئاوارەی کەرکووکیان تێدا نیشتەجێ کرا.''

خەیلانی گوتیشی: ''بە پێی گوتەی خێزانە ئاوارەکانی کەرکووک لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ھیچ نەماوە لە لایەن چەکدارانی حەشدی شەعبییەوە پێیان نەکرابێت و کار گەیشتووەتە ئەوەی دەستدرێژی بۆ شەرەف و نامووسی کورد بکەن، لە لایەن ئاوارەکانی شاری کەرکووکەوە چەندین چیرۆکی ناخھەژێنمان بۆ باس کرا، کە دڕندەییی چەکدارانی حەشدی دەردەخات، کە چییان کردووە و دەیکەن بە کەرکووکییەکان.''
kdp-
Top