قایمقامی چەمچەماڵ: شوێنی تایبەتمان بۆ ئاوەرەکانی کەرکووک و خورماتوو دابین کردوە
رەمەک رەمەزان، قایمقامی شارۆچکەی چەمچەماڵ،ڕایگەیاند: "دوای ھاتنی ئاوارەیەکی زۆر بۆ شارۆچکەی چەمچەماڵ، ئێستا کەمپی سورداش کە تاڕادەیەکی زۆر خزمەتگوزاری تێدایە کراوەتە شوێنی مانەوەی ئاوارەکانی کەرکووک و خورماتوو".
قایمقامی خورماتوو ئاماژەی بەوەش دا، کە ھەماھەنگیان لەگەڵ چەند ڕێکخراوێکدا کردووە، بۆ ئەوەی پێداویستی سەرەکی بۆ ئاوارەکانی کەرکووک و خورماتوو دابین بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ھاووڵاتییانی چەمچەماڵ بەھەموو شێوەیەک پێشوازی لە ھاتنی ماڵە ئاوەرەکان دەکەن.
جەختی لەوەش کردەوە کە خزمەتگوزاری سەرەکی وەک ئاو و کارەبایان بۆ ئاوارەکانی سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ دابین کردووە، ھەرواھا بەتانی و خواردەمەنی کۆکراوەتەوە و ھەوڵی ئەوەش دەدەن، پێداویستی زیاتر بۆ ئەو ھاووڵاتییانە کۆبکرێتەوە بۆئەوەی لەھیچ شتێکیان کەم نەبێت.
بەرەبەیانی ڕۆژی دوو شەممە (١٦⁄١٠⁄٢٠١٧) میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، ھێرشیان کردە سەر شاری کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، بەو ھۆیەوە بەشێک لە ھاووڵاتییانی ئەو ناوچانە ئاوارەی شارەکانی ھەولێر و سلێمانی دھۆک بوون.
باسنيوز
