ماڵ و موڵکی بەرپرسانی پارتی لە كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە تاڵان دەکرێن
سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرای دەكات، كە ماڵی بەرپرسانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبیەوە تاڵان كراون.
محەمەد كەمال، سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ڕاگەیاند: لە كەركووك تاڵان و دزیكردن لە ماڵە كوردەكان و بەتایبەت ئەو ماڵانەی كە حەشدی شەعبی دەزانێت پارتین تاڵانیان دەكەن و سووكایەتی بە خەڵك دەكەن، دیارترین ئەو ماڵانەشی كە تاڵان كراون لەلایەن حەشدی شەعبییەوە، ماڵی خۆم، عیرفان كەركووكی، ئارام ئەحمەد مامە كارگێڕی لقی3ی پارتییە لە شارەكەدا".
پێشتر عەقید ئیدریس ڕەفعەت بەرپرسی بەشی حەرەكاتی ئاسایشی كەركووك ڕاگەیاند: بەناوی پشكنینەوە میلیشیای حەشدی شەعبی ماڵە كوردەكان تاڵان دەكەن و ژیانی هاووڵاتییانی شارەكە لە مەترسی دایە، بۆیە بەرپرسیارێتی سەروماڵی هاووڵاتییانی كەركووك لە ئەستۆی ئەو بەرپرسە خیانەتكارانەی یەكێتییە كە حەشدی شەعبیان هێنایە ناو كەركووكەوە".
ڕۆژی دووشەممە میلیشیای حەشدی شەعبی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بە هاوكاری لایەنێكی دیاری كراون و هاتنە ناو شاری كەركووك و داگیریان كرد، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییانی كەركووك شارەكەیان بەجێ هێشتووە کە بەپێی ئامارەکان 61 هەزار هاووڵاتیی کورد کەرکووکیان بەجێ هێشتووە.
باسنیوز
