بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی ھەولێر : بەم نزیكانە دەست دەكرێ بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیانی كوردستاندا

بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی ھەولێر : بەم نزیكانە دەست دەكرێ بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیانی كوردستاندا
بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی ھەولێر ئاشکرای دەکات، بڕیارە بەم نزیکانە حکوومەت چارەسەرێک بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان بدۆزێتەوە، یان بودجەیەکی تایبەت بە پارێزگاکان بدات.



مستەفا تەھا جەبار، بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی ھەولێر تایبەت بە (باس)ی ڕاگەیاند، مەسەلەی نەوتی ماڵان دراوەتە پارێزگاکان و چاوەڕوان دەکرێت بودجەی تایبەت بۆ پارێزگاکان دابین بکرێت، گوتی: ”لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و پارێزگا ھەوڵەکانمان بەردەوامە، وەزارەتیش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ھێڵن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەیەک بۆ پێدانی نەوتی سپی بە ھاووڵاتییان“.



روونیشی کردەوە، ماوەی دوو مانگە ھەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی ئەمساڵ بەرمیلێک نەوت بۆ ھەر خێزانێک دابین بکەن، گوتی: ”دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوت کاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر بازاڕی سووتەمەنی و ھەرزانی دەکات، ئێستاش چەند ئەگەرێک ھەیە بۆ دابینکردنی بەرمیلێک نەوت بۆ ھەر خێزانێکی کوردستان، ئەویش یان بە پەیداکردنی سەرچاوەی نەوت یان بە دابینکردنی بودجەیەکی تایبەت“.



لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رەخنەی ئەوە لە حکوومەت دەگیرێت کە ئەو ھەموو نەوتە ھەناردەی دەرەوە دەکات، بەڵام ناتوانێت بەرمیلێک نەوت بۆ ھاووڵاتییان دابین بکات، لەمبارەیەوە مستەفا تەھا گوتی: ”کێشەی سەرەکیمان نەبوونی نەوتی خاو نییە، بەڵکوو کێشەکی سەرەکیمان نەبوونی پاڵاوگەیە، چونکە ئەو نەوتەی دەڕوات بۆ پاڵاوتن ناڕوات، بەڵکوو بۆ فرۆشتنە بۆ ئەوەی بکرێـتە داھات“.



زیاتر دوا و گوتیشی: ”ئەو نەوتەی دەڕوات سەداسەد نەوتی سپیی لێ دەرناھێندرێت، تەنانەت نەوتی خاو ھەیە ٢٠%یشی نەوتی سپیی لێ دەرناھێندرێت، ھەروەھا ھەر بەرمیلی ١٥٠ لیترە نەوەکوو ٢٠٠ لیتر.



ئەو بەرپرسەی سامانە سروشتییەکان ئاشکرای کرد، لە ھەرێمی کوردستان دوو پاڵاوگە ھەیە، پاڵاوگەی بازیان و پاڵاوگەی کەڵەک: "لە پاڵاوگەی کەڵەک زۆرتر بەنزین و گازوایل دەپاڵێورێت، لە پاڵاوگەی بازیانیش زۆرتر نەوت، ئەوەی کەڵەک زۆر کەمە و بەشی ھیچ ناکات، چونکە ئەگەر لە سنووری پارێزگا ھەولێر یەک بەرمیل بدەینە ھەر خانەوادەیەک ١٠٠ ملیۆن لیتر نەوتمان پێویستە“.



پێشووتر کە ساڵانە ٢ بەرمیل نەوت دابەش دەکرا، بەرمیلێک نەوت لەنێوان ٦٠ بۆ ٩٠ ھەزار دینار بوو، بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە بەھۆی قەیرانی دارایی، حکوومەت پاڵپشتیی دارایی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی راگرتووە.



بەڕێوەبەری دابەشکردنی سووتەمەنیی ھەولێر ئاماژەیەکی دڵخۆشکەر بە ھاووڵاتییان دەدات و دەڵێ: ”ئاماژەیەک ھەیە و لە چەند رۆژی داھاتوودا ئەنجومەنی وەزیران لەسەر پرسی نەوتی ماڵان کۆبوونەوە بکات و بڕیارێک بۆ ئەو بابەتە بدات، ئەویش بە دابینکردنی بودجەیەک بۆ ئەو مەبەستە“.



لە چەند رۆژی رابردوودا دیاردەی بڕینی دار لە کوردستان سەری ھەڵداوە و ئەوەش کاردانەوەی جیاوازی لێ کەوتووەتەوە، مستەفا تەھا، پێی وایە داربڕین چارەسەرێکی لاواز و خراپە، گوتیشی: ”ھەموو کەس سوود لە دار نابینیت بۆ خۆگەرمکردنەوە، ھەروەھا بۆ ماوەیەکی کەمیش سوودی لێ وردەگیرێت، بۆیە پەنابردن بۆ داربڕین شتێکی خراپ و ھەندێک دەزگای راگەیاندنیش بابەتەکەیان گەورە کردووە“.



بەپێی جۆرەکانی، ئێستا نرخی بەرمیلێک نەوت لەنێوان ١٥٠ ھەزار دینار تا ١٧٠ ھەزار دینارە.



بەرپرسەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشبینی دەکات نرخی نەوت ھەرزان بێت، ئەویش لەدوای راگەیاندنی رێکارەکانی حکوومەت بۆ پێدانی نەوت بە ماڵان، گوتیشی: ”ئومێدی باشمان ھەیە و پشتیوان بە خودا نەوت دەدرێت و نەوتی بازاڕیش ھەرزان دەبێت“.



ئەوەشی خستە روو، بەھۆی ئەوەی سەرما و سۆڵە ئێستا زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکانە، بۆیە سەرەتا دابەشکردنی نەوت بەسەر ئەو ناوچانە دەبێت، پاشان لەنێو شار دابەشی دەکەن.



شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، داوایان لە حکوومەت کردووە دەست بە دابەشکردنی نەوت بکات، بۆ ئەوەی خەڵک دووچاری قەیرانی تر نەبێتەوە.



روونیشی کردەوە، ئەوان لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی نەوت بدرێتە ھاووڵاتییان تا نرخی نەوت لە بازاڕیش داببەزێت.




باسنیوز
Top