مەکگۆرک: بەچڕی کار بۆ رێگەگرتن لە پێکدادانی سوپا و پێشمەرگە دەکەین
برێت مەکگۆرک، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژی داعش رایگەیاند، ئێستا لە عێراقە و هەموو لایەنەکان کار بۆ ئەوە دەکەن کە پێکدادانی نێوان هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە کۆتایی پێبهێنرێت، کە "پێکەوە ئازایانە شەڕی دژی داعشیان کرد".
برێت مەکگۆرک راشیگەیاندووە "ئەمریکا بە چڕی کار بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری ئەو ناوچانە دەکات، دڵنیایش دەدات هەموو جوڵە سەربازییەکان بە هاوئاهەنگی تەواو بووە".
مەکگۆرک ماوەی دوو رۆژە لە رەققەی پایتەختی داعشە، کە بڕیارە بەمزووانە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆتایی داعش لەو شارە رابگەیێنێت، ئەوەش دوای ئەوەی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە لە میدیاکانی هەسەدەوە راگەیێندرا.
لەبارەی رەوشی رەققە، برێت مەکگۆرک ئاشکرایکردووە، داعش نزیکەی شەش هەزار چەکداری لەو شارە لەدەستداوە، کە بەشێکیان خۆیان بەدەستەوە داوە. بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە سێ هەزاریان کوژراون و ئەوانی دیکە خۆیان بەدەستەوە داوە بەدیلی گیراون.
برێت مەکگۆر دەڵێت، ئێستا لە رەققە کار لەسەر گەیاندنی هاوکاری مرۆیی، پاککردنەوەی ناوچەکان لە مین و تەقەمەنی و دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییەکان دەکەن.
چوار مانگ پێش ئێستا هێزەکانی سووریای دیموکرات کە یەپەگە سەرۆکایەتی دەکات، ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەققەی راگەیاند و هاوپەیمانانیش بە هێرشی ئاسمانی پشتیوانی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات، بەڵام تورکیا بەتووندی دژی ئەو هاوئاهەنگییەی ئەمریکا و یەپەگە بوو.
رووداو
