فەرماندەیەکی باڵای یەکێتی: کشانەوەی پێشمەرگە لە کەرکووک بەبێ ئاگاداریی بارزانی بوو
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی یەکەی 70ـی ھێزی پێشمەرگە، لە لێدوانێکدا بۆ میدیایەکی سلێمانی، رەتی کردووەتەوە دان بە مانەوەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک بنێت و رایگەیاند، ”بەردەوام دژی ئەو هێزەم“.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا هەروەها رایگەیاند، کە ئەگەر رێککەوتن لەنێوان حەشدی شەعبی و چەند بەرپرسێکی کورد کرابێت ئەوە ”خیانەتێکی گەورەیە و ئەگەر ئەوە خیانەت نەبێت ئەی چی خیانەتە“.
ئەو فەرماندەیەی یەکێتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەوەی لە کەرکووک رووی دا پیلانـگێڕییەکی ئیقلیمی بوو بە گڵۆپی سەوزی نێودەوڵەتی و مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە ئاگاداری بڕیاری کشانەوەی پێشمەرگەش لە سەنگەرەکانی بەرگرییەوە نەبووە و ”دواتر ئاگادارم کردەوە“.
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر کەرکووک و شارەکەیان داگیر کرد.
باسنيوز
