فازڵ میرانی: ڕەتی دەكەینەوە لەگەڵ سوپای عێراق بكەوینە شەڕ و خوێنڕشتن

فازڵ میرانی: ڕەتی دەكەینەوە لەگەڵ سوپای عێراق بكەوینە شەڕ و خوێنڕشتن
ئەمشەو فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا بۆ كەناڵی (ئەلحەدەس)ی عەرەبی، رایگەیاند كە پێشمەرگە ناگەڕێتەوە بۆ هێڵی تەماسی پێش كەوتنی شاری مووسڵ لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش، گوتیشی رەتی دەكەنەوە لەگەڵ سوپای عێراقدا بكەونە شەڕ و خوێنڕشتن.


میرانی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ كەناڵە عەرەبیەكە، بە وردی باسی لە هەڵوێستی ئێستەی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و كشانەوەی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان كرد.


میرانی ئاماژەی بەوە دا كە لە كێشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ ئەو ڕێككەوتنە سیاسییە دەگەڕێنەوە كە لە ١٧ی ئۆكتبەری ٢٠١٦دا لەگەڵ حكوومەتی عێراق هەیانبووە. لەسەر ئەم بنەمایە هێڵی تەماسی پێشمەرگە دەنەخشێننەوە، ئەمەش جیاوازە لە هێڵی تەماسی پێش كەوتنی شاری مووسڵ.


میرانی ئاماژەی بەوەش دا كە ڕەتی دەكەنەوە لەگەڵ سوپای عێراقدا بكەونە شەڕ و خوێنڕشتن.


جێی باسە هەر ئەمشەو مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێکدا لەبارەی دۆخی کەرکووک بڵاوی کردەوە، رایگەیاند كە ئەوەی لە كەركووك رووی دا، دەرئەنجامی بڕیاری تاكلایەنەی چەند كەسێك لەنێو لایەنێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بوو، ئێستەش داكۆكی لەسەر پاراستنی یەكڕیزی و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و هێزە سیاسییەكان دەكەنەوە.


سەرۆكی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردبووەوە كە جەماوەری كوردستان دڵنیا دەكەنەوە ئەوەی پێویستە و دەكرێ، لەپێناو پاراستنی دەستكەوتنەكانمان و ئارامی و ئاسایشی خەڵكدا ئەنجامی دەدەن.

bas news-
Top