حكوومەتی ئەڵمانیا حەیدەر عەبادی ئاگەدار دەكاتەوە

حكوومەتی ئەڵمانیا حەیدەر عەبادی ئاگەدار دەكاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بڵاوی كردەوە كە وەزیری دەرەوەیان لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراقی ئاگەدار كردووەتەوە بە ڕێگەی سەربازی كێشەكانیان لەگەڵ هەولێر یەكلانەكەنەوە، ئاماژەشی داوە كە ڕووداوەكانی ئەم دواییەی عێراق، حكوومەتی ئەڵمانیای زۆر نیگەران كردووە.


ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بە ئەنجامدانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان زیگمار گابرێل وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، تیایدا وەزیرە ئەڵمانیەكە بە عەبادی راگەیاندووە كە كێشەكانی هەولێر و بەغدا بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر ناكرێن.


بە گوێرەی ئەو راگەیاندراوە، زیگمار گابرێل بە حەیدەر عەبادی راگەیاندووە كە نابێ وا بزانن كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر دەكرێن.


لەم راگەیەندراوەدا هاتووە كە ناکۆکییەكانی ئەم دواییەی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق نیگەرانییەکی گەورەی بۆ ئەڵمانیا دروست کردووە.


بەپێی راگەیەندراوەكە، گابرێل بە عەبادی راگەیاندووە كە چارەسەری دۆخی ئەم چەند رۆژەی رابردوو بە رێگەی سەربازی چارەسەر ناكرێت، بەڵكو ئاڵۆزتر دەبێت، ئەمەش هەموو لایەنەكان لاواز دەكات و عێراقیش بەرەو ناسەقامگیری زیاتر دەبات.


وەزیرەكەی ئەڵمانیا لە كۆتاییدا داوای كردووە هەموو لایەنەكان جموجۆڵی سەربازی ڕابگرن و هەموو بگەرێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و كێشەكان بە ڕێگەی ئاشتیانە چارەسەر بكەن.
bas news-
Top