ئاوارە و قوربانیانی رووداوەکانی کەرکووک پێویستیان بە هاناوەهاتنی خێرای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە

ئاوارە و قوربانیانی رووداوەکانی کەرکووک پێویستیان بە هاناوەهاتنی خێرای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە
روودواوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک تەنیا ئاسەواری سیاسیی بەدوای خۆیدا نەهێنان، بەڵکو بووە هۆی روودانی کارەساتێکی مرۆیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە ٣٥٠٠٠ سیوپێنج هەزار خانەوادە لەو شارە، کە لە نێویاندا ژمارەیەکی زۆر منداڵ و ئافرەت هەن و تا ئێستا بێ شوێنی حەوانەوە و خۆراک و ئاون و زۆربەشیان سەرەڕای ساردی کەشوهەوا لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان مانەوە.

سەرەڕای بوونی زۆر لە رێکخراوە مرۆییەکان، بەڵام تا ئێستا بێدەنگن لە ئاست ئەم کارەساتە گەورەیە، هەروەها رێکخراوە مرۆییە سەرەکییەکان وەک ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان یۆنامی، یۆنسێف، ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و لێژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی.
لەم بارەیەوە (د. دیندار زێباری) سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان داوای لە رێکخراوە مرۆییەکان و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر کرد کە ئیدانەی توندوتیژییەکانی حەشدی شەعبی بکەن و وەک ئەرکێکی مرۆیی پێشکەش بە ئاوارەکانی کەرکووک بکەن.

(زێباری) ئەوەشی راگەیاند، کە ئەم بێدەنگی و بێهەڵوێستییەی رێکخراوە نێودەوڵەتییە ناحکوومییەکان تا ئێستا بەرانبەر بەم رووداوانە نیگەرانی و بێئومێدییەکی زۆری لەلایەن خەڵکی کەرکووک و گەلی کوردستان درووست کرد، ئەمە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژییەتێکی روون و ئاشکرای بەرانبەر بە گشت پەنابەر و ئاوارە ناوخۆییەکان هەبوو بەتایبەتی عەرەب و کریستیان و ئێزدی و ئاوارە سووریاییەکان.

سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان زیاتر گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە نەوایەکی ئارام بوو بۆ هەموو ئاوارە و پەنابەران و گشت مافێکیان پارێزراوە لەلایەن دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمەوە. ئاشکرایە کە نزیکەی حەوت سەد هەزار لە برا عەرەبەکان کە تا ئێستا لە هەرێم ئاوارە بوون سەر و ماڵیان پارێزراوە، ئامادە نین بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان بە هۆی ترسیان لە پاکتاوی نەژادی لەلایەن میلیشیا چەکدارییەکانەوە.

بێدەنگی ئەم رێکخراوە مرۆییانە لە هەمبەر یارمەتیدانی گەلی کوردستان گومان دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەم رێکخراوانە بێلایەن بن و ئەو مەرج و بڕیارانەی لەسەری دامەزراون جێبەجێیان ناکات، بۆیە پێویستە ئەم رێکخراوانە بە ئەرکی مرۆیی خۆیان و هەڵوێستێکی روون و ئاشکرایان هەبێت بەرانبەر بەم کارەساتە گەورەیە.
kdp-
Top