ئاوارەکانی رووداوەکانی کەرکووک پێویستیان بە ھاناوەچوون ھەیە

 ئاوارەکانی رووداوەکانی کەرکووک پێویستیان بە ھاناوەچوون ھەیە
سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، رای دەگەیەنێت کە ئاوارە و قوربانیانی رووداوەکانی کەرکووک پێویستیان بە ھاناوەھاتنی خێرای رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ھەیە.

د. دیندار زێباری، سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، داوای لە رێکخراوە مرۆییەکان و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ھەولێر کرد کە ئیدانەی توندوتیژییەکانی حەشدی شەعبی بکەن و وەک ئەرکێکی مرۆیی پێشکەش بە ئاوارەکانی کەرکوک بکەن.

سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ئەوەشی خستە روو، کە ئەم بێدەنگی و بێ ھەڵوێستییەی رێکخراوە نێودەوڵەتییە ناحکومییەکان، تائێستا بەرامبەر بەم رووداوانە نیگەرانی و بێ ئومێدییەکی زۆری لەلایەن خەڵکی کەرکووک و گەلی کوردستان دروستکرد، ئەمە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ستراتیژییەتێکی روون و ئاشکرای بەرامبەر بە گشت پەنابەر و ئاوارە ناوخۆییەکان ھەبوو، بەتایبەتی عەرەب و کریستیان و ئێزیدی و ئاوارە سوورییەکان.

ئەوەشی روون کردەوە، کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەمیشە نەوایەکی ئارام بوو بۆ ھەموو ئاوارە و پەنابەران، گشت مافێکیان پارێزراوە لەلایەن دامودەزگاکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، دەشڵێت: "ئاشکرایە کە نزیکەی 700 ھەزار لە برا عەرەبەکان کە تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ئاوارە بوون سەر و ماڵیان پارێزراوە، ئامادە نین بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان بە ھۆی ترسیان لە پاکتاوی نەژادی، لەلایەن میلیشیا چەکدارییەکانەوە".

د.دیندار زێباری، گوتیشی: "بێدەنگی ئەم رێکخراوە مرۆییانە لە ھەمبەر یارمەتیدانی گەلی کوردستان گومان دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەم رێکخراوانە بێلایەن بن و ئەو مەرج و بڕیارانەی لەسەری دامەزراون جێبەجێیان ناکات، بۆیە پێویستە ئەم رێکخراوانە بە ئەرکی مرۆیی خۆیان و ھەڵوێستێکی روون و ئاشکرایان ھەبێت بەرامبەر بەم کارەساتە گەورەیە".
روودواوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک تەنیا ئاسەواری سیاسیی بەدوای خۆیدا نەھێنان، بەڵکو بووە ھۆی روودانی کارەساتێکی مرۆیی و ئاوارە بوونی زیاتر لە 35 ھەزار خانەوادە لەو شارە، کە لە نێویاندا ژمارەیەکی زۆر منداڵ و ئافرەت ھەن و تا ئێستا بێشوێنی حەوانەوە، خۆراک و ئاون، زۆربەشیان سەرەڕای ساردی کەشوھەوا لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان مانەوە.

سەرەڕای بوونی زۆر لە رێکخراوە مرۆییەکان، بەڵام تا ئێستا بێدەنگن لە ئاست ئەم کارەساتە گەورەیە، ھەروەھا رێکخراوە مرۆییە سەرەکییەکان وەک ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان یۆنامی، یۆنسێف، ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و لێژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی.










باسنيوز
Top